بەردی بناغەی دروستکردن و قیرتاوکردنی رێگای وارماوا ناوتاق دەربەندیخان دانرا

ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەردی بناغەی دروستکردن و قیرتاوکردنی رێگای وارماوا ناوتاق دەربەندیخان دانرا.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە وتارێکیدا لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی دروستکردن و قیرتاوکردنی رێگای وارماوا ناوتاق دەربەندیخان رایگەیاند، “بەداخەوە چەند رۆژێک دەبێت هەندێک لایەن بە مەبەست دەیانەوێت کارەکانمان ناشرین بکەن، بەڵام کارەکانیان پووچە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئێمە بەوەی دەیکەین ئامانجمان رەزامەندی خەڵكی کوردستانە، ئێمە هەموومان بەرپرسیارێتییەکی کاتیمان لەسەر شانە پێویستە دەرفەت لە کات وەرگرین و ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەین”.

پڕۆژەی دروستکردن و قیرتاوکردنی رێگای وارماوە ناوتاق پێکھاتووە لە دروستکردن و قیرتاوکردنی رێگای وارماوا ناوتاق دەربەندیخان بەدرێژی 22 کم، کە لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەگوژمەی حەوت ملیار و 404 ملیۆن و 250 هەزار دروستدەکرێت.

تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، جگەلەوەی کاریگەری گرنگی دەبێت لەسەر کارئاسانی ھاتوچۆ و دابینکردنی رێگایەکی سەلامەت بۆ ھاوڵاتییان و کەمبوونەوەی رووداوەکانی ھاتوچۆ لە سنوورەکە، ھاوکات لەرووی گەشتیاری و ئابورییەوە رۆڵی ئەرێنی دەبێت بۆ ناوچەکە.

بابەتی پێشتر

هۆشداری لە بەرنامەکانی کێش دابەزاندن دەدرێت

بابەتی دواتر

دوبەی بوو بە دووەم باشترین شاری جیهان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share