ڵاری بی. ناش بریكاری یەكەمی فەرماندەی تیپی سەربازیی ئەمریكا لە فۆرت كامبڵ لە كنتاكی، تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی 12 دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر منداڵان و مێردمنداڵان.
ماڵپەڕی “Army Times”ـی ئەمریكی راپۆرتێكی لەو بارەیەوە بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، ڵاری بی. ناش كە پلەی عەریفی هەیە، لە دادگای سەربازی دادگاییدەكرێت و تۆمەتی ئەوەی رووبەڕووكراوەتەوە كە دەستدرێژیی سێكسیی كردووەتەسەر 12 كوڕ و كچ، كە تەمەنیان لە نێوان 12 – 16 ساڵێدایە و ئەو كارانەی لە ماوەی نێوان ساڵانی 2015 – 2021ـدا كردووە.
بەپێی راپۆرتەكە، كاربەدەستانی سەربازیی ئەمریكا پێیانوایە لیستی تۆمەتی دەستدرێژیكردنەكانی “ناش” زیاتر لە 12 كەیس لەخۆبگرێت، بەڵام لەوە دڵنیانین و ناتوانن وردەكاریی كەیسەكان بۆ میدیا ئاشكرابكەن، بەڵام لە ئێستادا سەرگەرمی كۆكردنەوەی بەڵگەنامەی قوربانییەكانن.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە ڵاری بی. ناش لە ساڵی 2012ـدا پەیوەندیی بە سوپای ئەمریكاوە كردووە و بەشداریی چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە دەرەوە كردووە، لەوانە عێراق.