هۆكارەكەی دەستدرێژی و كوشتن و خۆكوژییە.. ئەمریكا هەڵمەتێكی پاكتاوكردن لە بنكەیەكی سەربازی بەرپادەكات

بەهۆی ڕوداوەكانی كوشتن، خۆكوژی، دەستدرێژی سێكسی و توندوتیژییەوە، سوپای ئەمریكا هەڵمەتێكی پاكتاوكردنی لە بنكەی سەربازیی تەكساس بەرپاكردووە.

ڕایان مەكارتی، وەزیری بەرگریی ئەمریكا ڕایگەیاند، “چەندین ئەفسەر و سەرباز لە بنكەی سەربازیی “فۆرت هوود” لە تەكساس دەستگیركراون و ژمارەیەكیان دەركراون.”

مەكارتی، هۆكاری ئەو هەڵمەتەی كە خۆی بە “هەڵمەتی پاكتاوكردن” ناوزەدیكردووە، گەڕاندەوە بۆ ئەو ڕوداوانەی توندوتیژی كە لە بنكەكەدا ڕویانداوە، وەك كوشتن، خۆكوژی، دەستدرێژی سێكسی لەنێو ئەفسەر و سەربازانی بنكەكەدا.

وەزیری بەرگریی ئەمریكا ئاشكرایكرد، “بەهۆی ئەو ڕوداوانەوە، 14 فەرماندە لە بنكە سەربازییەكەی تەكساس لەكارەكانیان دەركراون، بەڵام بە پاساوی سیاسی و پاراستنی تایبەتمەندێتیی كەسی، وەزارەت ناوەكانیان ئاشكرا ناكات.”

لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە پێنتاگۆن، مەكارتی وتی، “كێشەكانی بنكەی “فۆرت هوود” پەیوەستن بە شكستی فەرماندەكانەوە، هەست بە بێئومێدی دەكەم، چونكە فەرماندەكان شكستیانهێنا لە ڕەخساندنی كەشێك كە سەرباز بە شكۆوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.”
ڕێوشوێنەكەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، دوای ئەوە دێت كە لە ماوەی ڕابردوودا ژنە سەربازێك بە ناوی ڤانیسا جیلین تەمەن 20 ساڵان، تا كوشتن لەلایەن سەربازێكی پیاوەوە لێیدرا. دواتر ئارۆن ڕۆبنسن ئەو سەربازەی تاوانەكەی ئەنجامدابوو، لەكاتی هەوڵدانی پۆلیس بۆ دەستگیركردنی، خۆی كوشت.

ڤانیسا دوو مانگ بوو بێسەروشوێن بوو، دواتر تەرمەكەی دۆزرایەوە و خانەوادەكەی دەیانوت كچەكەیان بەر لە كوژرانی، دەستدرێژی سێكسی كراوەتەسەر، بەڵام سوپای ئەمریكا ڕەتیكردەوە بەڵگەیەك بۆ ئەوە لە ئارادا بێت.

لەناو سوپای ئەمریكا و بنكە سەربازییەكانیدا، ڕوداوەكانی كوشتن، خۆكوژی و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنانی سەرباز دیاردەیەكی بەربڵاوە، هەندێك ئامار باس لەوە دەكەن كە لە ساڵانی ڕابردوودا، هەزاران سەرباز دووچاری ئەو ڕوداوانە بوونەتەوە.

بابەتی پێشتر

ئەندامێكی لیژنەی دارایی: موچەی 2021 مسۆگەركراوە

بابەتی دواتر

ئەو كتێبەی دوو ساڵە كازم ساهر ڕێگرە لە بڵاوكردنەوەی

بابەتی پەیوەندیدار