نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاست

نرخی نەوتی خاو، بەرزترین ئاستی تۆماركرد و بە رێژەی 4% بەرزبووەوە.

بۆ سێیەم رۆژ لەسەر یەك، نرخی نەوتی خاو بەرزبووەوە، بەڵام رێژەكەی ئەمڕۆ بەرزترینە و بەرمیلێك نەوتی برێنت 4% چووەسەر نرخەكەی و بە 81.14 دۆلارە. نەوتی خاوی تەكساسیش 76 دۆلاری تێپەڕاند و بە جارێك سێ دۆلار چووەسەر نرخەكەی.

تا دوو رۆژ لەمەوبەر، نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت لە خوار 77 دۆلارەوە بوو، بەڵام لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە چوار دۆلار سەرباری نرخی هەر بەرمیلێك لەو جۆرەی نەوتی خاو بووە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بەو رادەیە، دوو هۆكاری سەرەكیی لەپشتە، یەكەمیان راگرتنی هێڵێكی بۆریی نەوتی خاوە كە بە كیستۆن ناسراوە و رۆژانە 620 هەزار بەرمیل نەوت لە كەنەداوە بۆ ئەمریكا دەگوازێتەوە و بەهۆی لێچوونەوە گواستنەوەی نەوت لەو رێگەیەوە راگیراوە.

هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، سووككردنی رێكارەكانی كەرەنتین و بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنایە لە چین، كە بەشێك لەو پیشەسازییانەی بووژاندووەتەوە كە نەوتی خاویان تیادا بەكاردەهێنرێت و بەو هۆیەوە خواستی چین لەسەر كڕینی نەوت زیادیكردووە.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: بارانبارین بەردەوام دەبێت

بابەتی دواتر

پیاوان مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share