بەغداد 151 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت

حكومەتی عێراق، 151 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات و بڕیارە بەمنزیكانە پارەكە بگات و دابەشبكرێت.

ئەو پارەیەی دەنێردرێت شایستەی دارایی جوتیارانی هەرێمی كوردستانە و پارەی گەنمی ساڵی 2015ـیە، وەزیری بازرگانی دەڵێت، “بەغداد پارەی گەنمی ساڵی 2016ـش دەنێرێت”.

كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان كە بە سەردانێكی فەرمی لە بەغدادە بە ئێستای راگەیاند، لەگەڵ حكومەتی ناوەندی رێككەوتن دەكەن لەبارەی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا لە بەغداد، وەزیری بازرگانی وتی، “بەغداد بەڵێنی خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستانی بۆ ساڵانی 2015 و 2016 داوە و لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023دا دانراوە”.

لەبارەی وادەی گەیشتنی پارەكەوە، كەمال موسلیم ئاشكرایكرد، “پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵانی 2015 و 2016 دەكەوێتە ساڵی داهاتوو، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق قسەمان كرد و دڵنیایی تەواو دراوە كە پارەكە لەنێو بودجەی 2023ی عێراق دابینكراوە”.

بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا و دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە، پارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت. وەزیری بازرگانی دەڵێت، “ئەگەر بودجەش پەسەندنەكرێت پارەكە رەوانەدەكرێت”.

بابەتی پێشتر

كاتژمێرێكی نوێ دەبێتە ركابەری ئەپڵ و سامسۆنگ

بابەتی دواتر

بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای چەمچەماڵ چەند هەلێکی کار رادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share