وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند، لەماوەی یەک مانگدا توانراوە 20 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
عوسمان عەبدولکەریم وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “لە ماوەی مانگی رابردوودا 20 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون کە شەش لەوانە بە تۆمەتی بازرگانیکردن راگیراون و 14ی دیکەشیان بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بە پێی ماددەی 26 راگیراون”.
وتیشی، “نۆ لە تۆمەتبارەکان دانیشتووی سنووری کەلارن، حەوتیان بە رەگەز ئێرانین، دووانیان دانیشتووی ناحیەی رزگاری و یەکێکیان دانیشتووی دەربەندیخان و ئەوی دیکەشیان دانیشتووی کفرییە”.
باسی لەوەش کرد، “لەماوەی رابردوودا دوو پیاو و ژنێک دەستگیرکران کە بە نیازبوون ماددەی هۆشبەر ببەنە ناو چاکسازی گەورانی سلێمانی، ماددە هۆشبەرەکانیان لەناو جلی زستانەدا شاردبووەوە، بەڵام توانرا دەستگیربکرێن و دەستبەسەر ماددە هۆشبەرەکانیشدا بگیرێن”.