بۆ گۆڕینی بۆرییە شوشەییەكەی هەولێر 20 ملیار دینار تەرخانكرا

بۆ گۆڕینی بۆری ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر، بڕی زیاتر لە 20 ملیار دینار تەرخانكراوە و لە سبەینێوە دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكرێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاویكردەوە، بە مەبەستی چارەسەری ریشەیی بۆ رێگریكردن لە دووبارەنەبوونەوەی گرفتی شكانی بۆریی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر، سبەی قۆناغی یەكەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆرییەكە دەستپێدەكات.

پڕۆژەكە بە گوژمەی 20,842,500,600 دینار جێبەجێ دەكرێت.

پرۆژەی ئیفرازی سێ‌ 40%ی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی هەولێر دابیندەكات، بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر بۆرییەكە، چەند جارێك بۆرییەكە دەشكا و بۆ ماوەیەك بەشێكی زۆری دانیشتووانی شارەكە بێ‌ ئاو دەبوون.

گۆڕینی بۆریی هێڵی گواستنەوەی ئاوی ئیفرازی سێی هەولێرە لە بۆریی (GRP)ی تیرە ( 1500) ملیم، كە جۆرێکی فایبەرگڵاسە و تێکەڵەیە لە پلاستیک و شوشە، بە بۆریی كاربۆن ستیل-ی دروستكراوی توركی دەبێت.

بۆرییەكە ساڵی 2007 لەسەر ئەرکی ئەمریکییەکان دروستكرا، بەهۆی ئەوەی نەخشەی راکێشان و دروستکردنی پڕۆژەکە لای ئەمریکییەکان بووە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر زانیاریی لەسەر شوێنی تێپەڕبوونی بۆرییەكە نەبوو، بەهۆیەوە ناوبەناو رووبەڕووی شكان دەبووەوە.

قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە كە سبەی دەستپێدەكات بڕی 4,354,750,000 دیناری بۆ تەرخانكراوە، لە وێستگەی ناوەندی مەرعودا بە درێژایی 2750 مەتر دەستپێدەكات تا دەگاتە 108ی عەنكاوە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دارایی داهاتی گشتیی 10 مانگی ئەمساڵی بڵاوکردەوە

بابەتی دواتر

سەرۆكی هەنگاریا: پاڵپشتیی چارەسەری دیموکراسی دەکەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share