بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە مەحمود سەنگاوی، لێپرسراوی میحوەری گەرمەسێری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە مەحمود سەنگاوی، لێپرسراوی میحوەری گەرمەسێری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە کۆبوونەوەیەکدا كە وەھاب ھەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای دژەتیرۆر ئامادەبوو، دۆخی ئەمنی و سەربازی گەرمەسێر و جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش لە سنووری حەمرین و ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ ستایشی هەوڵەكانی لێپرسراوی میحوەری گەرمەسێر، ھێزی پێشمەرگە، دەزگای ئاسایش، دژەتیرۆر، کۆماندۆی کوردستان و ھێزەکانی ناوخۆی كرد كە لێبڕاوانە لە راپەڕاندنی ئەركەكانیان بەردەوامن و لەو بارەیەوە وتی، “هەوڵی بێوچاون و شەونخوونی ئێوە فاكتەری ئارامی و ئاسایشە لە ناوچەكە، بۆیە داواكارم بەهەمان رۆحییەتەوە درێژە بە ئەركەكانتان بدەن و كوردستان و خەڵكەكەی وەك چاوتان بپارێزن”.