عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لەگەڵ دوو كاربەدەستی نەتەوە یەكگرتووەكاندا كۆبووەوە، نووسینگەكەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە و پەیامەكانی سیستانی ئاشكرادەكات.
جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و میگیل ئەنخیل مۆراتینۆس بریكاری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی نەجەفیان كرد و لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكاندا كۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سیستانی، لە كۆبوونەوەكەدا مەرجەعی باڵای شیعەكان رایگەیاندووە، “پێویستە هەوڵەكان یەكبخرێن بۆ رەتكردنەوەی توندوتیژی و رقلێبوونەوە و بەدیهێنانی دادپەروەری”.
ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، تاوتوێكردنی پلانی نەتەوە یەكگرتووەكان بووە كە بۆ پاراستنی ئەو شوێنە ئایینییانەی رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە دایڕشتووە.
سیستانی جەختیكردووەتەوە لە پێویستیی بڵاوكردنەوەی كەلتووری پێكەوەژیانی ئاشتییانە و پتەوكردنی بەهاكانی یەكترقبوڵكردن، كە لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی مافەكان و رێزگرتنی هاوبەش لە نێوان پەیڕەوكارانی ئایینە جیاوازەكان و ئاراستە هزرییەكان بنیادبنرێت.
راگەیەندراوی نووسینگەی سیستانی دەڵێت، ناوبراو داوایكردووە دادپەروەری و دڵنیایی لە گشت كۆمەڵگەكاندا دەستەبەربكرێن بە جۆرێك لەگەڵ شكۆی مرۆڤدا یەكبگرنەوە.