کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت

کۆبوونەوەی سێ قۆڵی هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، کاتژمێر 11:00ی ئەمڕۆ سێشەممە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، گرنگترین پرسی کۆبوونەوەکەش ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد، بودجە و موچە دەبێت.

لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  و عومەری سەید عەلی ڕێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان بەشدارییان کردووە.

لە دوای کۆبوونەوەی دوو ڕۆژ بەر لە ئێستای پارتی و یەکێتیی کە شاندێکی پارتی سەردانی سلێمانی کرد، لە ڕاگەیەنراوی دوای کۆبوونەوەکەدا ئاشکرایانکرد کە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ڕۆژی سێشەممە لە باڵەخانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

دوێنێ دووشەممە  7ی کانونی یەکەم ساندی باڵای یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و شاندی گۆڕان بە سەرۆکایەتیی عومەری سەید عەلی کۆبوونەوە و هەردوولا ڕایانگەیان کە گرنگترین پرسی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی بژێوی خەڵک و دۆخی ئێستای هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و دانوستاند دەبێت لەگەڵ حکومەتی عێراق.

لەوبارەیەوە عەدنان عوسمان وتەبێژی بزوتنەوەی گۆران ڕایگەیاند، “سورین لەسەر ئەوەی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد بکرێت لە پێناو باشتربوونی دۆخی خەڵک”.

عەدنان عوسمان وتیشی، “هیچ دەرچەیەکی دیکە نییە جگە لە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق”.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە پارتی لەگەڵ هەریەکە لە یەکێتی و گۆڕان بەجیا کۆبووەوە و دواتریش یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوەیەکیان لە ئاستی باڵا ئەنجامدا تاوەکو بگەنە ڕێککەوتن لەسەر کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی وەک سێ لایەنی سەرەکی پێکهێناەری حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دارایی خشتەیەکی نوێی موچەی ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share