وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایدەگەیەنێت، تا وەكو ئەمڕۆ زیاتر لە 156 هەزار خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەندبوون كە زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا دابەشكراوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، تا ئەمڕۆ یەكشەممە 31 ملیۆن و 307 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان ( ناوچە شاخاوییەكان ) دابەشكراوە و 156 هەزار و 539 خێزان سوودمەندبوون.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران، هەشت ملیۆن و 454 هەزار و 400 لیتر دابەشكراوە كە 42 هەزار و 272 خێزان سوودمەندبوون، لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین 12 ملیۆن و 213 هەزار و 800 لیتر دابەشكراوە كە 61 هەزار و 69 خێزان سوومەندبوون.
بۆ پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكرایكردووە، 10 ملیۆن و 639 هەزار و 600 لیتر دابەشكراوە كە 53 هەزار و 198 خێزان سوودمەندبوون.