رۆیشتن بەرەو دواوە زۆر زیاتر لە رۆیشتن بەرەو پێش سوودی تەندروستی هەیە

سوودەكانی رۆیشتن و راكردن لای كەس شاراوە نییە، بەڵام ئایا رۆیشتن بەپێچەوانەوە واتە بەرەو دواوە كاریگەریی لەسەر تەندروستی هەیە؟

بەپێچەوانەی ئەوەی لە باوەڕی زۆرینەماندایە بەوەی رۆیشتن سوك و ئاسانە، بەڵام لە راستیدا پێویستی بە رێكخستن و هاوسەنگی لەنێوان چەندین سیستمی ژیری و بینیندا هەیە.

كارەكە دژوارتر دەبێت كاتێك بەرەو دواوە هەنگاو بنێین، ئەوكات مێشكمان پێویستی بە چارەسەری زیاترە بۆ رێكخستنی ئەو سیستمە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پێویستییەی بۆ رێكخستنی جوڵەكە، سوودی تەندروستیی جۆراوجۆری هەیە.

بەپێی توێژینەوەیەك كە لەلایەن زانكۆی رۆژهەڵاتی لەندەنەوە ئەنجامدراوە، رۆیشتن بەرەو دواوە سوودی تەندروستیی زۆری هەیە، دیارترینیان رێكخستنی هاوسەنگییە.

هەروەك رۆیشتن بەرەو دواوە، توانای رۆیشتن بەرەو پێشەوەی كەسەكە باشدەكات، جگە لە هاوسەنگیی لە پێگەشتووان و ئەوانەی بەدەست لاوازیی ئێسكی رانەكانەوە دەناڵێنن.

ئەو جۆرە رۆیشتنەكە هەنگاوی كورت و زۆر دووبارەی تیایە، ئەمەش دەبێتەهۆی باشكردنی توانای ماسولكەكانی بەشی خوارەوە قاچەكان و كەمبوونەوەی قورسایی لەسەر جومگەكان.

ئاستەمی رۆیشتنەكە و گۆڕانكارییەكان لە بەرزی و نزمی رێگا دەبێتە هۆی جوڵەی جۆراوجۆر لە جومگە و ماسولكەكاندا، كە هۆكاردەبێت بۆ كەمكردنەوەی ئازار بەتایبەت لە پاژنەی پێدا، هەروەك دەبێتە هۆی بەهێزكردنی ماسولكەكانی دەوروبەری بڕبڕەی پشت، بەمەش بەسوودە بۆ ئەوانەی ئازاری بەشی خوارەوە بڕبڕەكانیان هەیە.

هەر بەپێی توێژینەوەكە كە ئەنجامەكەی لە سایتی Studyfindsی پزیشكی بڵاوكراوەتەوە، رۆیشتن بەرەو دواوە هاریكاری ئەو نەخۆشانە دەكات كە بەدەست دۆخی دەمارەكانەوە گرفتارن یان ئەوانە تووشی جەڵتەی مێشك بوون تا بگەنەوە بە ئاستیی هاوسەنگیی پێشوویان.

سەبارەت بە بەكارهێنانی رۆیشتنیش بۆ كەمكردنەوەی كێش، بەرەو دواوە رۆیشتن كالۆریی زیاتر بەڕێژەی 40% دەسووتێنێت بەراورد بە بەرەو پێشەوە رۆیشتن بە مەرجێك بە هەمان خێرایی بێت.

توێژەرانی بەشداربوو رێنوێنی ئەو كەسانە دەكەن بەوەی رۆیشتنەكەیان بەرەو دواوە سەرەتا بە هەنگاوی بچوك و كەم بێت، لەگەڵ پارێزگاری لە رێك وەستاندنی سنگ و سەر، هەروەها لەكاتی هەنگاو بەرەو دواوە سەرەتا پەنجە گەورە قاچ دابنرێت پاشان وردە وردە بەرەو پاژنە.

بابەتی پێشتر

نەتەوە یەکگرتووەکان: یەکسانی جێندەری ئابوریی جیهان بە بڕی 12 تریلیۆن دۆلار دەبوژێنێتەوە

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنەكەدا چی خستەڕوو؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share