كچێكی بەریتانی شەش ساڵ خێزانەكەی بەدوایدا گەڕان و لەناو داعشدا دۆزرایەوە

نوسڕە، كچێكی دانیشتووی گەڕەكی لویشام لە باشووری خۆرئاوای لەندەن بوو، ساڵی 2014 لە تەمەنی 14 ساڵیدا، ڕۆژێك لە ماڵەكەیان دەچێتە دەرەوە و چیتر ناگەڕێتەوە. دایك و باوكی نوسڕە، ماوەی شەش ساڵ بوو بێئۆقرە و بێهوودە بەدوایدا دەگەڕان، گەڕانێك كە ئەنجامەكەی تووشی شۆكی كردن، كاتێك بۆیان دەركەوت كچەكەیان بەدرێژایی ئەو شەش ساڵە لەناو داعش دا بووە و ئێستاش لە كامپی “هۆل” لە سوریا دەستبەسەرە.

ماڵپەڕی “تایمز” بەدواداچوونی بۆ بەسەرهاتی ئەو كچە بەریتانییە كردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو كە نوسڕە، دوای بەجێهێشتنی ماڵەكەیان، پەیوەندی بە ڕیزەكانی داعش-ەوە كردووە و لەگەڵ چەكدارێكدا كە بە هەمانشێوە بەریتانییە، هاوسەرگیری كردووە.

نوسڕە دوو منداڵی لە چەكدارەكەی داعش دەبێت بە ناوەكانی فارس و تەڵحە، یەكەمیان لە بۆردومانێكی فڕۆكەكانی هاوپەیماناندا كوژراوە، تەڵحە-ش ئێستا تەمەنی سێ ساڵە و لەگەڵ دایكیدایە لە كامپی هۆل كە تایبەتە بە دەستبەسەركردنی چەكدارانی داعش و كەسوكارەكانیان و لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)وە بەڕێوەدەبرێت.

ماڵپەڕەكە ئاشكرایكردووە كە نوسڕە زۆر حەزدەكات بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا، بەڵام حكومەتی وڵاتەكەی ڕەگەزنامەكەی لێوەرگرتووەتەوە، بە پاساوی “هۆكاری پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی-یەوە “.

دایكی نوسڕە دوای ئاشكرابوونی شوێنی كچەكەی، ڕایگەیاندووە كە تووشی شۆك بووە كاتێك زانیویەتی كچەكەی چووەتە ناو داعش و شووی بە چەكدارێكی داعش كردووە.

دایك و باوكی نوسڕە كە بە ڕەچەڵەك سۆماڵین دەڵێن، “ساڵی 2014 لایەنە پەیوەندیدارەكانمان لە دیارنەمانی كچەكەمان ئاگاداركردووەتەوە.”

نوسڕە تەنها هاوژینی چەكدارێكی داعش نەبووە، بەڵكو خۆیشی كاری بۆ داعش كردووە و لەژێر ناوی “دایكی فارس”دا، كاری “بانگخوازی” كردووە و لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە داوای لە خەڵك كردووە پەیوەندی بە داعشەوە بكەن. تەنانەت كاتێك داعش تەقینەوەكەی تشرینی دووەمی ساڵی 2015ی پاریس-ی پایتەختی فەرەنسا-ی ئەنجامداوە كە بەهۆیەوە دەیان كەس كوژران، “نوسڕە” ئیمۆجییەكی گەورەی پێكەنینی بڵاوكردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

پاپای ڤاتیكان سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات

بابەتی دواتر

عێراق.. دەیان ملیار دۆلار گەندەڵی لە كەرتی كارەبا دا كراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share