بڕیارە سبەی 8ی کانونی یەکەم، کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە بینای سەرۆکایەتی هەرێم لە هەولێر بەڕێوەبچێت و چەند پرسێکی پەیوەست بە بەشە بودجەی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو تاوتووێ بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەکرێت لەسەر میکانزمی ڕێککەوتن و داواکاری هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دەدرێت لەسەر کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمدا و گفتوگۆش دەکرێت لەبارەی دروستکردنی شاندێکی هەرێم بۆ بەغداد و کاتی چونیان بۆ قسەکردن لەسەر بەشی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوودا.
ئەمڕۆ 7 ی کانونی یەکەم، شاندێکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و لە دوای کۆبوونەوەکە هەردوولا ئاشکرایان کرد کە ڕوئیای هاوبەشیان هەیە بۆ گفتوگۆکردنەکەی سبەی لەگەڵ پارتی.
لە دوای کۆبوونەکە سۆران جەمال تاهیر، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “کۆبوونەوەی سبەینێ بەشێکی زۆری پەیوەست دەبێت بە گفتوگۆی موچەی فەرمانبەران و ئەو قەیرانە داراییەی لە هەرێمدا دروستبووە بەهۆی دواکەوتنی موچەوە”.
هاوکات عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، کۆبوونەوە دەکەن لەسەر موچەی فەرمانبەران و ئەو قەیرانەی دروستبووە، چونکە وەک ئەو دەڵێت “ئێستا ناوچەکە دەکوڵێت”.