پەیوەندییەکانی عێراق: کەمکردنەوەی کرێی ئینتەرنێت هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و دەبێت جێبەجێی بکەن

لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەو بڕیارەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی عێراق داویەتی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە چونکە ئەو کۆمپانیایانە سەرجەم مامەڵە و کارەکانیان پەیوەستە بە ناوەندە و فیدراڵین.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا کاروان یاروەیس ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی، “پرسی کەمکردنەوەی کرێی ئینتەنێت ماوەیەکی زۆرە هەیە، بەڵام بڕیاری جێبەجێکردنەکەی نوێیە و دەبێت لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە سەرجەم کۆمپانیاکان پێوەی پابەندبن”.

ئاماژەی بەوەکرد، سەرجەم کرێی ئینتەرنێت دەبێت 20% کەمبکرێتەوە، دەبێت کوالێتییان باشبکرێت هەروەها جیاوازیی زۆر لە نرخدا هەیە و دەبێت ستاندارد بکرێت و یەکبخرێت.

وتیشی، “ئێمە وەک لیژنەی پەیوەندیدار داوامان لە وەزارەت کردووە هەندێک لە خزمەتگوازارییەکان و پێگە و ئەپەکان لەگەڵ واقیعی کۆمەڵگەی ئێمە ناگونجێت و دەبێت ڕێکبخرێنەوە”.

باسی لەوەکرد کە هەنگاو بە هەنگاو ئەوانە دەکرێت و ئێستا هەندێک لە سایتە پۆرنەکان سانسۆرکراون و کار بۆ ئەوانی دیکەش دەکرێت.

بە بڕیارێکی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن کە نووسراوی ئاراستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت کردووە، دەبێت تا 1/12/2022 سەرجەم کۆمپانیاکان کرێی ئینتەرنێت 20% کەمبکەنەوە، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەکرێنەوە.

پیشتر وەزارەتی پەیوەندییەکان بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی کارتی مۆبایلی لە سەرجەم کۆمپانیاکان دەرکرد و بەپێی بڕیارەکە دەبێت ئەو زیادەیەی پێشتر بەهۆی کورتهێنانی بودجە خرابووە سەر کۆمپانیاکان و کارتی مۆبایل هەڵبگیرێت.

بابەتی پێشتر

سەرۆکی هەرێم لە بەغداد چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا

بابەتی دواتر

دوایین زانیاری لەبارەی دامەزراندنی دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share