بڕیارە سێشەممەی داهاتوو بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی بۆردومانەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە محەمەد شیاع سودانی بە سەردانێک بگاتە تاران.
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاند،” سێشەممەی داهاتوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تاران دەکات، بڕیارە لە میانەی سەردانەکەیدا تاوتوێی چەند پرسێک بکات لە ناویشیاندا بۆردومانەکانی هەرێمی کوردستان”.
وتیشی، “لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سودانی ونێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە ئاسایشی عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، لێکتێگەیشتنی باش هەبووە لە نێوان هەردوولادا”.
ئاشکراشی کرد، “سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد ئیرادەیەکی سیاسی هەیە بۆ چارەسەری هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان”.