ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرنامەی خوێندکارى سەرکردە رادەگەیەنێت و خوێندکارانى کوردستانیش دەتوانن داواکارى پێشکەشبکەن.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى قوتابیان و خوێندکارانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئاگاداردەکات، ئەوانیش دەتوانن داواکارى بۆ بەدەستهێنانى کورسیەکانى ئەو بەرنامەیە بۆ ساڵی (2023- 2024) پێشکەشبکەن.
بەرنامەی (Student Leaders Program) بەرنامەیەکی وردی سەرکردایەتییە، کە تیایدا قوتابی و خوێندکار لە وڵاتانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەتوانن داواکاری پێشکەشبکەن، بەرنامەکە ماوەی ساڵێک بەردەوام دەبێت و لە سێ بەش پێکهاتووە، بەشى یەکەم پێش وەرزى هاوین بەڕێوەدەچێت، بەشى دووەم لە وەرزی هاوین دەبێت، هەرچى بەشى سێیەمە دوای وەرزی هاوین دەستپێدەکات، وەك ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی پێداوە.
سەبارەت بە مەرجەکانیش جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، پێویستە قوتابى/ خوێندکار تەمەنی لە نێوان (20- 24) ساڵ بێت، لە هەمانکاتدا دانیشتووى یەکێک لەم وڵاتانە (عێراق، جەزائیر، بەحرەین، میسر، ئیسرائیل، ئوردن، کوێت، لوبنان، لیبیا، مەراکیش، قەتەر، سوریا، تونس، بەری رۆژئاوا- غەزە یان یەمەن) بێت، هاوکات پێشکەشکار دەبێت شارەزایی باشى لە زمانی ئینگلیزی هەبێت.
دواکات بۆ پێشکەشکردن رێکەوتى (2022/12/19)ە.