وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، کۆمەڵێک رێنماییمان سەبارەت بە بەکارهێنانی سیستمی شۆفاژ لە ناوەندەکانی خوێندن دەرکردووە و رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردووە بە مەبەستی پەسەندکردنی.
سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “دوێنێ لە کۆبوونەوەی وەزیری پەروەردە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە کۆمەڵێک رێنمایی تایبەت بە بەکارهێنانی سیستمی شۆفاژ ئامادەکردووە و پێشکەشی کردووە”.
وتیشی، “چاوەڕێی پەسەندکردنی ئەو رێنماییانەین بۆ ئەوەی ئێمەش لای خۆمان بڵاویبکەینەوە بۆ تەواوی خوێندنگە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتەکەمان”.
ئاشکراشی کرد، “سەرجەم وەزارەتەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمیش پلان و رێنمایی خۆیان دەبێت تایبەت بە کارپێکردنی ئەو سیستمە”.
لە بارەی هەمان پرسەوە عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “لە سنووری پەروەردەی سلێمانی لە هیچ خوێندنگەیەکی حکومی و ناحکومی سیستەمی گەرمکەرەوەی شۆفاژ بە کە بە گازی LPG کاردەکات بەکارناهێنرێت”.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی هەفتەیەکدا لە هەرێمی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی بوتڵی غازی LPG نزیکەی 100 کەس بوونەتە قوربانی.