دوای ئەوەی هەڵبژاردەی سعودیە لە یەكەم یاری مۆندیالدا سەركەوتنێكی چاوەڕواننەكراوی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە سەرۆكایەتیی مێسی ئەنجامدا، ریاز پشووی فەرمی راگەیاند.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەردوو هەڵبژاردەی تۆپی پێی سعودیە و ئەرجەنتین لە چێوەی یارییەكانی مۆندیالی 2022ی قەتەر لە یاریگای (استاد لوسێک) رووبەڕووی یەك بوونەوە و لە ئەنجامدا سعودیە یارییەكەی بە ئەنجامی دوو گۆڵ لە بەرامبەر گۆڵێك بۆ مێسی و هاوڕێكانی بردەوە.
بردنەوەكە بە یەكێك لە چاوەڕواننەكراوەكانی مۆندیالی ئەمساڵ دادەنرێت.
بەهۆیەوە دەسەڵاتدارێتی ریاز بڕیاریدا، سبەی لە سەرتاسەری وڵاتەكەدا بكرێتە پشوو، پشووەكە كارمەندانی كەرتی گشتی و تایبەت و خوێندكارانیش دەگرێتەوە.
گۆڵەکانی سعودیە لە خولەکەکانی 49، 53 لەلایەن ساڵح ئەلشەهری و سالم ئەلدەوسەرییەوە تۆمارکران، گۆڵەکەی ئەرجەنتین بە لێدانی سزا لە خولەکی 10 لەلایەن لیۆ مێسی-یەوە تۆمارکرا.
بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکە، ئەستێرەکانی “ئەخزەری سعوودی” چوونە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی سێیەم، لە هەمان کۆمەڵەدا هەڵبژاردەکانی مەکسیک و پۆڵەندا ئەمشەو کاتژمێر (07:00) بەکاتی هەرێمی کوردستان رووبەڕوودەبنەوە.