چیرۆكی غادە.. ئەو ژنەی دەیان ڕۆژ ململانێی لەگەڵ مەرگدا كرد

پاش ئەوەی ژنێك لە گەرمیان تووشی كۆرۆنا بوو، بەهۆی لەكاركەوتنی سییەكانییەوە بۆ ماوەی 115 ڕۆژ لە نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنا مایەوە، بەڵام دواجار گیانی لەدەستدا، بەڕێوبەری نەخۆشخانەكەش دەڵێت، “بارودۆخی ئەو نەخۆشە پزیشكەكانی تووشی سەرسوڕمان كردووە”.

 ساتەوەختی گیان لەدەستدانی غادە

غادە عەبدوللـەتیف ئەو كچە 20 ساڵەی ماوەی 115 ڕۆژ لە نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە كۆرۆنا لە گەرمیان مایەوە بە ئومێدی ئەوەی دۆخی تەندروستی چاك ببێتەوە و بگەڕێتەوە ماڵەوە، شەوی ڕابردوو گیانی لەدەستدا، بەرێوبەری نەخۆشخانەكەش باس لە ساتەوەختی گیان لەدەستدانی نەخۆشەكە دەكات.

عەدنان مەجید، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە كۆرۆنا لە كەلار بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئۆكسجینی غادە بەر لەوەی گیان لەدەست بدات بە 10 بۆ 15 خولەك بەرەو دابەزین دەڕۆشت، تا گەیشتە 20 و دواتر بەهۆی ئەوەی ئۆكسجینی دەستكردی وەرنەدەگرت و تەواو سییەكانی وەستان و گیانی لەدەستدا”.

بەڕێوبەری نەخۆشخانەی قەڵا ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر ئۆكسجینی نەخۆشەكە دادەبەزی بەڵام نەك بەو جۆرە.

“پزیشكەكانی تووشی سەرسوڕمان كردبوو”

كەیسی غادە بەجۆرێك بوو كە پزیشكەكانیش سەریان لێدەرنەدەكرد، عەدنان مەجید باسی لەوەكرد، “سەرمان سوڕمابوو لەوەی بۆچی سییەكانی ئەو نەخۆشە بەوجۆرە خراپەی لێهاتووە، تەنانەت ناردمان بۆ سلێمانیش لەوێ پشكنینی بۆ كرا و پزیشكەكان سەریان سوڕمابوو نەیاندەزانی جیاوازی كەیسەكە لە چیدایە”.

سەبارەت بەوەی ئەو ژنە نەخۆشی دیكەی هەبووە یا نا؟، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی قەڵا ئاماژەی بەوەكرد، “كەسوكارەكەی ئەوەیان وت كە غادە هیچ نەخۆشییەكی نەبووە پێشتر و بە كۆرۆنا وای لێهاتووە، ڕاستە تووشی كۆرۆنا بوو، دواتر كۆرۆنای تێپەڕاند، دوای مانگێك لە توشبوونی پشكنینمان بۆ كرد و دواتریش چەندین جاری دیكە پشكنینی كۆرۆنامان بۆ كرد نێگەتیڤ بوو، بەڵام سییەكانی بەجۆرێك خراپ ببون پێویستی بە چاندنی سی هەبوو”.

بەگوێرەی وتەی عەدنان مەجید، سەرەتا كە غادە تووشی كۆرۆنا بووە لە خانەقین بووە و لەوێ ئەو منداڵەی لە سكیدا بووە مردووە، دواتر دوای پێنج ڕۆژ براوەتە نەخۆشخانەی قەڵا لە كەلار، بەڕێوبەری قەڵا ئەوەی خستەڕوو، “لای ئێمە پزیشكی ژنانمان بۆ هێنا، بۆ ئەوەی بە نەشتەرگەری منداڵە مردووەكەی دەربكات، بەڵام وتیان پێویست ناكات و خۆی دادەبەزێت”.

“بەدەمەوەهاتنی غادە درەنگ بوو”

لەبارەی ناردنی غادە بۆ دەرەوەی وڵات بەڕێوبەری نەخۆشانەی قەڵا ئاشكرایكرد، “وەزیری تەندروستی لەمدواییان هاتە سەر خەت، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان ئاگاداری كردینەوە كە ڕاپۆرت بۆ ئەو نەخۆشە ئامادە بكەین، ئامادەمان كرد، بەڵام بەداخەوە فریا نەكەوت، لەڕاستیدا دەبوایە زۆر زووتر خەمی بخورایە و ببرایاتە دەرەوە بۆ چارەسەر”.

غادەی 20 ساڵ دەرچووی پەیمانگایە و ماوەی ساڵێك دەبێت هاوسەرگیری كردووە، هاوسەرەكەی ناوی نیهاد عەباسە و فەرمانبەرە لە پەیمانگای تەكنیكی كەلار.

بابەتی پێشتر

تۆتنهام 2-0 ئارسیناڵ

بابەتی دواتر

گەورە كاربەدەستێكی تەندروستیی جیهان: ڤاكسین كۆرۆنا لەناونابات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share