(ڤیدیۆ) تۆتنهام دێربی لەندەنی لە ئارسیناڵ بردەوە و گەڕایەوە لوتکە

تۆتنهام بردنەوەیەکی گەورەی بەرانبەر ئارسیناڵ تۆمارکرد

ئەمشەو، یەکشەممە لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەکانی هەفتەی 11ی خولی نایابی ئینگلیزی، یانەی تۆتنهام لە یاریگای خۆیدا بردنەوەیەکی گەورەی بەرانبەر ئارسیناڵ تۆمارکرد.

لە تایمی یەکەمدا جوزێ مۆرینیۆی ڕاهێنەری کەڵەشێرە ڕوومیەکان هەوڵی دروستکردنی چڕی دەدا لە نیوە یاریگای ڕکابەردا و لە پلانەکانیدا سەرکەوتوبوو، لەبەرانبەردا تۆپخانەی ئارسیناڵ بە هێرشی هەڵگەڕاوە و شەرمنانە وەڵامیان دەدانەوە.

لە خولەکی 13 و لە هێرشێکی ڕێکخراودا هیۆنگ مین سۆن داهێنانێکی ناوازەی کرد و گۆڵی یەکەمی بە لێدانێکی بەهێز تۆمارکرد.

لە کۆتاییەکانی ئەو تایمەدا لەکاتێکدا ئۆبامیانگ و هاوەڵانی هەوڵیاندەدا ئەنجامەکە هاوتابکەنەوە، هاری کەین لە خولەکی 45 گۆڵی دووەم و فراوانکەری ئەنجامەکەی تۆمارکرد.

لە تایمی دووەمدا ئەستێرەکانی مایکڵ ئارتێتا لە ڕووی هێرشبەریەوە دەستپێشخەرییان کرد، گووشاریان خستەسەر گۆڵی هوگۆ لۆریس، بەڵام بە کۆی هێرشەکانیان لە 45 خولەکدا سەرکەوتوو نەبوون لە تۆمارکردنی گۆڵ و یارییەکە بە ئەنجامی تایمی یەکەم کۆتاییهات (2-0).

بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکە، تۆتنهام بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ گەڕایەوە لوتکەی ڕیزبەندی یانەکانی پریمەرلیگ، یانەی ئارسیناڵیش بە 13 خاڵەوە لە پلەی 15ی ڕیزبەندییەکە جێگیربوو، لە کاتێکدا مەترسیان لەسەرە بردنەوەی برایتۆن بۆ پلەی 16 شۆڕیان بکاتەوە.

بابەتی پێشتر

مەشقە ئامادەکاریەکانی ڕیاڵ مەدرید بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی بوروسیا مونشنگلادباخ

بابەتی دواتر

تۆتنهام 2-0 ئارسیناڵ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share