سلێمانی.. بەخێوكارانی خوێندكاران ئاگاداردەكرێنەوە

بەخێوكارانی ئەو خوێندكارانەی بە پاس و تاكسی هاتوچۆدەكەن ئاگاداردەكرێنەوە.

قائیمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، “چاودێریی ئەو پاس و تاكسيیانە دەکات كە هاتوچۆ بە خوێندكاران دەكەن و بەخێوکارانی خوێندکارانی خوێندنگە و باخچە حکومی و ناحکومییەکانی سنووری هەردوو بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا ئاگاداردەکاتەوە، لە کاتی بەدیکردنی هەر جۆرە سەرپێچییەک لیژنەی چاودێریکردنی هاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندکارانی لێئاگاداربکەنەوە”.

لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردەوە، قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، کۆمەڵێک رێنمایی تایبەت بە رێکخستن و چۆنیەتی گواستنەوەی خوێندکارانیان دەرکردووە، لە گرنگترینی ئەو رێنماییانەشی کە قائیمقامیەتی سلێمانی بە پێویستی دەزانێت بەخێوکارانی خوێندکاران ئاگاداریان بن بریتین لەوەی ئەو پاس و تەكسییانەی خوێندكاران دەگوازنەوە، دەبێت رەچاوی تەواوی رێنماییەکانی هاتوچۆ بکەن و مەرجی سەلامەتی و توندوتۆڵی و سیستمی ساردی و گەرمییان تێدا بێت.

دەشڵێت، “رێگەنادرێت هیچ ئۆتۆمبێلێك له ژمارەی كوشنەكان زیاتر خوێندكار هەڵبگرێت، لە بەشی کارگێریی هەر خوێندنگەیەكدا لیژنەی تایبەت بە سەرپەرشتیی پاسەكان پێکهاتووە کە زانیاریی تەواو و بەڵگەنامەی شۆفێر و پاسەكانی لابێت، بەردەوامیش چاودێریی ئەو ئۆتۆمبێلانە بكات کە خوێندکاران دەگوازنەوە”.

بەپێی رێنماییەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، تیژڕەوی لە کاتی گواستنەوەی خوێندکاران رێگەپێدراو نییە و نابێت شۆفێرەکان رادیۆ و هۆکانی لێدانی گۆرانی و میوزیک بەکاربهێنن، دەبێت رەچاوی لایەنی پەروەردەیی بکەن، هەروەها پارەی رۆژانی پشووە فەرمییەکان جگە لە رۆژانی هەینی دەگەرێتەوە بۆ خوێندکارەکان و دانانی پەردە و ئاوێنەی زیادە رێگەپێدراو نییە.

بابەتی پێشتر

کاپتنی ئیتاڵیا پێشبینی یاریی کۆتایی مۆندیال دەکات

بابەتی دواتر

لە هەولێر سەرجەم تیمەكانی شارەوانی خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share