بافڵ جەلال تاڵەبانی: دەبێت رێڕەوی چەوتی حوكمڕانی راستبکرێتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختدەكاتەوە، “دەبێت رێڕەوی چەوتی حوكمڕانی راستبکرێتەوە و حکومەت حکومەتی ھەموو خەڵک و شار و شارۆچکەکان بێت”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ھۆڵی شەھید شیھاب لە قەڵاچوالان لەگەڵ کادران و ئەندامانی سنووری مەڵبەندەکانی سلێمانی و گەرمیان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا كە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، سەرکەوت زەکی، لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن، جەزا سەید مەجید، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و میقداد شێخ بەھادین، لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیان ئامادەبوون، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وتارێکی ھەمەلایەنەی لەبارەی دۆخی گشتیی ھەرێم، عێراق، ناوچەکە و یەکێتی پێشکەشکرد. ئاماژەی بە ھەوڵ و ھەنگاوەکانی یەکێتی کرد کە سەرباری ئاستەنگ و بەربەستەکان توانیویەتی سەرکەوتنی گەورە بەدەستبھێنێت لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا. هەروەها توانی ئیستحقاقی سەرۆک کۆمار ھەر لای کورد و یەکێتی بھێڵێتەوە و سیاسەتێک ئاراستە بکات کە ببێتە مایەی بەھێزترکردنی پێگەی کورد. وتیشی، “بڕیارمانداوە لەمەودوا ئامادەیی زیاترمان لە بەغداد ھەبێت وەک سەنگەری پێشەوەی داکۆکیکردن لە خەباتی دیموکراسی و نەتەوەیی گەلەکەمان”.

لە بارەی ھەرێمی کوردستان و پێشھاتە سیاسییەکان، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڤاڵانی لە گۆڕانکارییەکان بەرچاوڕوونكرد و رایگەیاند، یەکێتی ھەمیشە لە چوارچێوەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال ستراتیژی خۆی ئاراستەکردووە و دەکات. لە بەرامبەر ھەموو ئەگەرەکاندا پەنای بۆ دیالۆگ و چەپکەگوڵەکە بردووە، بەڵام بەداخەوە ئەم ویستە نیشتمانییەی ئێمە بەھەند وەرنەگیرا و پشوودرێژیمان لەبارەی تاکڕەویی حوكمڕانی، جیاکاری لە ئیدارەدان و دابەشکردنی داھاتی ئەم ھەرێمە کۆتایی ھات. هەر بۆیە بڕیارماندا ستۆپ بە پاوانخوازی بکەین و چیتر قبووڵی نەکەین دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، چونکە دەبێت رێڕەوی چەوتی حوكمڕانی راستبکرێتەوە و حکومەت حکومەتی ھەموو خەڵک و شار و شارۆچکەکان بێت. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ دڵسۆزانی گەلەکەمان ئەم ئامانجە باڵایە بەدیدەهێنین.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ سەبارەت بە ئەرک، خەبات و تێکۆشانی ئەمڕۆی هەڤاڵانی ڕێکخستنەکانی یەکێتی ھەڵوەستەیکرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، یەکێتی وەک ھێزێکی جەماوەریی ھەمەلایەنە ھەمیشە باوەڕی بە نوێبوونەوە و خۆڕێکخستنەوە ھەبووە لەسەر بنەمای ھەڤاڵێتی، یەکێتیبوون و یەکێتیی ناو یەکێتی، بۆ ئەوەش ھەنگاوی باشمان ناوە و ئەگەر لە شوێنێکدا کەموکوڕی ھەبووبێت، بێگومان چارەسەری دەکەین و دەیکەینە بنەمای جۆشدانەوەی کاری رێکخراوەییمان. بۆیە ھەر کادر و ئەندامێکی یەکێتی تێبینی یاخود رەخنەیەكی ھەبێت، پێشوازی لێدەکەین بەڵام نابێت گلەییەکان ببنە ھۆكاری ساردبوونەوە و دوورکەتنەوەمان، چونکە یەکێتییەکەی مام ھی خەڵک و ھەڤاڵەکانێتی و ئێمە بە ئێوە و دڵسۆزیتانەوە دەتوانین گەشە بە خۆمان بدەین و کاروبارەکان باشتر رێکبخەینەوە. بۆ ئەوەش سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای لە ئامادەبووان کرد بە گیانێكی هەڤاڵانە و ورەیەكی پۆڵایینی یەكێتییانەوە درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن و هاوكار و ھەماھەنگی یەکتربن بۆ بەهێزتركردن و پێشخستنی ریزەکانی یەکێتی.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا گفتوگۆیەکی کراوە بەرێوەچوو و سەرۆک بافڵ ھەڤاڵانی راسپارد بچنەوە ناو ھاوڵاتییان و ئۆرگانەکانی یەکێتی بکەنەوە بە ماڵی كۆمەڵانی خەڵک و وتی، “دەبێت کادری یەکێتی لەبەرەی پێشەوەی داکۆکیکردن بێت لە مافەکانی هاوڵاتییان و بە رۆحێكی یەكێتییانەوە درێژە بە خەبات بدەن و لە ئاست بەرپرسیارێتیی قۆناغەکەدا بن”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

راگەیەندراوی کۆبوونەوەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی…
Total
0
Share