بالۆتێلی پەیوەندی بە یانەکەی بێرلسکۆنییەوە کرد و لەگەڵ بواتینگ یەکدەگرێتەوە

بالۆتێلی پەیوەندی بە یانەی مۆنزای پلە دووەوە دەکات

لێپرسراوی کارەکانی ماریۆ بالۆتێلی، مینۆ ڕایۆلا ڕێککەوتنی لەگەڵ بەڕێوبەری جێبەجێکاری یانەی مۆنزا کردووە و وەرزی داهاتوو ڕەش ئەسمەرەکە لە خولی پلە دووی ئیتاڵیا یاریدەکات.

بالۆتێلی تەمەن 30 ساڵ پەیوەندی بە هیچ یانەیەکەوە نەماوە و بێبەرانبەر دەتوانێت پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات، بەڵام یانە پلە یەکەکانی ئیتاڵیا لەدوای بریشیا هیچیان هەوڵیان بۆ گواستنەوەی نەداوە و نایانەوێت لە گێژاوی کێشە دەرەکییەکانی ئەم یاریزانە سەرکێشەدا بژین.

یانەی مۆنزای پلە دووی ئیتاڵیا کە لەلایەن سیلڤیۆ بێرلسکۆنی سەرۆکی پێشووی یانەی ئەی سی میلانەوە خاوەنداریەتی دەکرێت، لە ڕێگەی ئەدریانۆ گالیانی بەڕێوبەری جێبەجێکارەوە پەیوەندیان بە مینۆ ڕایۆلای لێپرسراوی کارەکانی “سوپەر ماریۆ”وە کردووە و بە ڕێککەوتنی تەواوەتی گەیشتوون.

لەم بارەیەوە گالیانی بە ئاژانسی “ئەنسا”ی ڕاگەیاندووە، ” بالۆتێلیم خۆشدەوێت، بەپێی ئەو ئاستە بەرزەی پێشکەشیدەکات دەبوو نازناوێکی زۆر بچنێتەوە، خەسڵەتی ناوازەی نیشانداوە و نازانین بۆ ناتوانێت بەردەوامبێت لە کاتیکدا تەمەنی تەنها 30 ساڵە، کاتێک بە بێرلسکۆنی سەرۆکم ڕاگەیاند هەوڵی کڕینی دەدەین، خۆشحاڵبوو و ڕاستەوخۆ گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرساندم”.

هەروەها دەڵێت، ” مینۆ ڕایۆلای لێپرسراوی کارەکانی بالۆتێلی ئامادەبوو لە مافە داراییەکانی خۆی خۆشبێت لە پێناو واژووکردنی بۆندەکەدا، ئەوەش وایکرد گرێبەستەکە بە ئاسانی بە ئەنجامبگات”.

سوپەر بالۆ لە ساڵانی 2013 و 2015 لە دوو کاتی جیاوازدا بە درێسی ڕۆسۆنێرییەوە کاری لەگەڵ ستافی بێرلسکۆنی و گالیانی کردووە، کاتێکیش پەیوەندی بە پێکهاتەی یانەی مۆنزاوە دەکات لەگەڵ کیڤن پرینس بواتینگی هێرشبەری غانی یەکدەگرێتەوە، کە لە پێشوودا بە درێسی میلانەوە یارییان کردووە.

بابەتی پێشتر

وتەبێژی حكومەت: دامەزراندن دەستپێدەكاتەوە

بابەتی دواتر

گەڕانەوەی بەشێک لە هاندەران بۆ یاریگاکانی ئینگلتەرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share