بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکرایەوە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ڕۆژی سێ شەممەی پەرلەمانی ڕاگەیاند، ئەمە لەکاتێکدایە زیاتر لە مانگێکە پەرلەمانی کوردستان هیچ دانیشتنێکی ئەنجامنەداوە.

لە ڕاگەیەندراوی سەرۆکی پەرلەماندا هاتووە، پڕۆژە یاسای پاراستنی ئاژەڵان یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت، هەروەها پرۆژە یاسای بەركاركردنی یاسای فیدڕاڵیی واژۆی ئەلیكترۆنی و مامەڵە ئەلیكتڕۆنییەكان یەکێکی دیکە لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە دەبێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

به‌پێی حوكمی مادده‌ی (٥) و بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی (١٦) و بڕگه‌ی (سێیه‌م) له‌ مادده‌ی (١٨) و بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م و پێنجه‌م) له‌ مادده‌ی (٢٠) و مادده‌كانی (٤٧، ٤٨) و بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (٥٢) و ماددەكانی (٥٤، ٥٥، ٥٦، ٥٧) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (١٢)ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ كاتژمێر (١٠)ی به‌یانیی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ۲۰۲۲/۱١/١٥ به‌م شێوه‌یه‌ بێت:

یەكەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای (بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای كەرەنتینی كشتوكاڵیی عێراقی ژمارە ٧٦ی ساڵی ٢٠١٢ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، پشت بەستن بە حوكمی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (٧٨) و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (٨٣) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

دووەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای (پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان-عێراق) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (٩٠، ٩١، ٩٣، ٩٦) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

سێیەم: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئەم پێشنیاز و پڕۆژەیاسایانەی خوارەوە، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (٨٧، ٨٨، ٨٩، ٩٧) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان:

١ – پێشنیازەیاسای (پاراستنی ئاژەڵان لە هەرێمی كوردستان-عێراق).

٢ – پێشنیازەیاسای (بەركاركردنی یاسای فیدڕاڵیی واژۆی ئەلیكترۆنی و مامەڵە ئەلیكتڕۆنییەكان ژمارە ٧٨ی ساڵی ٢٠١٢).

٣ – پڕۆژەیاسای (هەمواری پیادەكردنی یاسای بەڕێوەبەردنی ئەوقاف ژمارە ٦٤ی ساڵی ١٩٦٦ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق).

٤ – پڕۆژەیاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان-عێراق، ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٠٨).

بابەتی پێشتر

لە هەرێمی کوردستان بازرگانیی بە مرۆڤ زیاتر بە گەورەکانەوە دەکرێت

بابەتی دواتر

لە ئەڵمانیا داوای سەپاندنی باج بەسەر دەوڵەمەندەكاندا دەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share