وەزیری ناوخۆ بڕیارێكی لەبارەی سەرۆك عەشیرەتەكانەوە دەركرد

وەزیری ناوخۆی عێراق، بڕیارێكی لەبارەی سەرۆك عەشیرەتەكانەوە دەركرد و دەڵێت، “ئەم كەسانە دوژمنی منن”.

عەبدولئەمیر شمەری وەزیری ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ پلەدار و ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری هۆزەكان لە وەزارەتی ناوخۆ كۆبووەتەوە، جەختیكردووەتەوە لەوەی “دەبێت یاسا سەروەر و لە سەرووی هەمووانەوە بێت”.

لە زۆرینەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق شەڕ و پێكدادانی نێوان هۆزەكان بووەتە دیاردە، هەندێك جار لە كاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباراندا، هۆزەكان بەربەست بۆ هێزە ئەمنییەكان دروستدەكەن و هەمان مامەڵەی لایەنی بەرامبەر و دوژمنیان بۆ دەكەن.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتەكە، وەزیری ناوخۆی عێراق لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا رایگەیاندووە، “هەر كارمەند و ئەفسەرێك لە كاتی جێبەجێكردنی یاسادا لە لایەن هۆزەكانەوە رووبەڕووی گرفت بكرێتەوە، دەبێت كەسی بەرپرسیار لە هۆزەكە دەستگیربكرێت”.

شمەری وتوویەتی، “ئەگەر سەرۆكی هۆزێك ببێتە نەیاری كارمەند یاخود ئەفسەرێكی هێزە ئەمنییەكان، ئەوا من دەبم بە نەیار و دوژمنی”.

بابەتی پێشتر

مۆرینیۆ داوای یاریزانێکی بەرشلۆنەی کردووە

بابەتی دواتر

هێلیکۆپتەری تاکسی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share