یەكێتی بۆ پارتی: پەنجا بە پەنجای چی؟ حەفتا و پێنجی تێپەڕاندووە

لە وەڵامی وتەیەكی وتەبێژی پارتیدا، میدیای فەرمی یەكێتی دەڵێت، ئەوەی ئێستا هەیە فیفتی فیفتی نییە، حەفتا و پێنج بۆ پارتی و ئەوی دیكە بۆ هاوبەشان ماوەتەوە.

دوای ئەوەی مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیایەكی حزبەكەی رایگەیاند، لە ساڵی 1992 کە هەڵبژاردن کرا، یەکێتی “51 بە 49کەیان قبووڵنەکرد”، ئێستاش پێیانوایە هەڵبژاردن بکرێت یاخود نەکرێت، “دەبێت نیوەی دەسەڵاتیان هەبێت”.

سەروتاری میدیای فەرمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەڵامی ئەو لێدوانەی داوەتەوە و دەڵێت، “كێ و كەی و لە كوێ داوای گەڕانەوە بۆ زەمانی پەنجا بە پەنجا كراوە؟ لە بنچینەدا پەنجا بە پەنجا دەربڕینی ئێمە نییە. دەربڕینی پارتییەكی ترە، كاتی خۆی لە تاو هەژموونی پارتی لە بادینان گوتبووی: ئەمە فیفتی فیفتی یە”.

دەشڵێت، “ئەسڵەن ئەوەی ئێستا هەیە فیفتی فیفتی نییە، حەفتا و پێنج بۆ پارتی و ئەوی دیكە بۆ هاوبەشەكان ماوەتەوە كە ناونیشانە داتاشراوەكانی (یاریدەدەر) و دامەزراوەی هاوشان خەریكە لە مانای خۆی بەتاڵی دەكاتەوە”.

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەدا هاتووە، “كەس پەنجا بە پەنجای نەویستووە، بەشی پارتی، جا بە تەزویر یان بە تۆپزی، یان بە دزینی كۆتا بێت، لە پەنجا تێیپەڕاندووە” دووپاتیشیدەكاتەوە، “كەس داوای پەنجا بە پەنجا ناكات، مەگەر پارتی نەبێ، چونكە كە لێی دەقەومێ نەغمەی دوو ئیدارەیی و دوو زۆنی لێدەدا و كە زاڵ دەبێ ئیتر ئیستفراد دەكات و گەرەكێتی لەگەڵ هەر هێزێك بەجیا كەینوبەینی هەبێ”.

ئەوەش دەخاتەڕوو، كەس داوای پەنجا بە پەنجای نەكردووە، چونكە ئەوەی هەیە حەفتا و پێنجی زۆرینەی ڕەهایە كە كارێكی ناڕەوایە. هەموو هێزە سیاسییەكانیش، نەك تەنها یەكێتی، ئەم تەزویر و تۆپزیە قبوڵ ناكەن.

لە كۆتاییشدا دەڵێت، وتەبێژی پارتی دەزانێ ئەسڵی كێشەكە داوای زەمانی پەنجا بە پەنجا نییە، ئەسڵی كێشەكە ئەوەیە پارتی، بە ناڕەوا، لە هەموو ڕەقەمێك تێی پەڕاندووە و رەقەمی كەس ناخوێنێتەوە. ئیستفراد و ئینفراد بەری چاوی گرتووە و پێكەنینی ئیستفرازیشیان دیدی دیموكراسی و هاوبەشێتی كز كردووە.

بابەتی پێشتر

حەوت رێگا بۆ پاککردنەوەی ماکیاژەکەت بە دروستی

بابەتی دواتر

سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان تەقەی لێکرا و برینداربوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share