پارێزەری زیندانییانی بادینان: ئەو رۆژنامەنووسانە لە سلێمانی بوونایە بە سێ ڕۆژ ئازاد دەکران

ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانەی بادینان کە لە هەولێر دەستگیرکراون، سەرجەمیان ماوەی دەستگیرکردنیان کۆتاییهاتووە، بەڵام ئازادناکرێن، پارێزەرەکەیان دەڵێت، ئەوە لە سلێمانی بوایە بە سێ ڕۆژ ئازاد دەکران لێرە ئازادکردنی مەرجداریشیان لێوەرگرتوونەتەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا بەشدار حەسەن پارێزەری زیندانییانی بادینان ڕایگەیاند، “ئەو دەستگیرکراوانە بەتایبەت ئەوانەی شیلادزێ دەبووایە 15ی حوزەیرانی ڕابردوو ئازادبکرێن، بەڵام ئازادکردنەکەیان دوادەخرێت بە مەبەست، ئەوان لە زینداندا سزای دەروونی دەدرێن و سەرجەم مافەکانیان لێوەرگیراوەتەوە”.

باسی لەوەکرد، کە لە هەولێر ئازادی زۆر کەمە وتی، “دەسەڵاتی پارتی توندن بۆ ئەو بابەتانە، ئەو ڕۆژنامەنووسانە تەنانەت مافی ئازادکردنی مەرجداریان لێوەرگیراوەتەوە، هەر هەوڵێک دەدەین ڕێگریمان لێدەکرێت”.

سەبارەت بەوەی بۆچی وەک ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەی لە سلێمانی دەستگیرکران هەوڵ نادرێت لەلایەن بەرپرسانەوە ئازادبکرێن بەشدار حەسەن دەڵێت، “سلێمانی ئازادییەکی زیاتری تێدایە ڕۆژنامەنووس دەستگیرناکرێت ئەگەر دەستگیریش بکرێت لە چەند ڕۆژێکدا ئازاد دەکرێت، بەرپرسانی سلێمانی مەودایەکی زۆریان بۆ ئازادی هێشتووەتەوە”.

بەپێی وتەی ئەو پارێزەرە لە هەولێر دۆخەکە پێچەوانەیە، بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ئەوێ زۆر توندن ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، “کەسی یەکەمی یەکێتی لە ماوەی سێ ڕۆژدا هاتە سەر خەت و دوو ڕۆژنامەنووسەکەی ئازاد کرد، بەڵام کەسی یەکەمی پارتی هەر خۆی بێ ئاگا کردووە لەو ڕۆژنامەنووسانە کەسی دووەم و سێیەمی ئەو حزبەش نەک ئێمە خواش دەنگی پێیان ناگات، لێرە بەرپرسان خۆیان ڕێگرن لە ئازادکردنیان”.

باسی لەوەکرد، “لێرە ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک لەسەر بابەتێکی ئاسایی دەستگیربکرێت لانیکەم دەبێت ساڵێک لە زینداندابێت، بەڵام لە سلێمانی خۆپیشاندەر دەرگای زانکۆی داخست زیندانی نەکرا کە ئەگەر لە هەولێر بوایە زیاتر لە ساڵێک لە زینداندا دەبوو”.

زیندانیانی بادینان زیاتر لە ساڵێکە لە زیندانی چاکسازیی هەولێرن، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار هۆشداری دراوە لە خراپی دۆخیان و مەترسی لەسەر ژیانیان بەڵام هیچ وەڵامدانەوەیەک نەبووە بۆیان، هەروەها چەندجارێک ئەو زیاندانیانە داوایانکردووە کە بگوازرێنەوە بۆ زیندانی سلێمانی بەڵام ڕەتکراوەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا دوو ڕۆژنامەنووس لە سلێمانی دەستگیرکران دوای سێ ڕۆژ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاستەوخۆ هاتەسەر خەت و لە ڕێگەی تیمی پارێزەرانییەوە ئازادکران.

بابەتی پێشتر

ئێستا زانیاریی نوێ لەبارەی دابەشكردنی مووچە ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

گواردیۆلا هۆشداری دەدات: مانچستەر یونایتد دەگەڕێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share