هەر كەسێك چەكی لە ماڵەوە هەبێت دەتوانێت تۆماری بكات یاخود ڕادەستی پۆلیسی بكات

د. هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێمۆڵەت و قەدەغەكردنی شوێنەكانی فرۆشتنی چەك تەنها بۆ ئەوەیە دەمانەوێت هاوڵاتییان چەكی بێمۆڵەتیان نەبێت و ئەم پڕۆسەیە هەفتەیەك نییە، بەڵكو بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “بابەتی ڕێكخستنی چەكی بێمۆڵەت یا چەكداری لە هەرێمی كوردستان، بابەتێكی گرنگە لە كۆمەڵگە دەزانین كە عێراق هەر 10 ساڵ جارێك دەچێتەوە خاڵی سفری توندوتیژی، لەم جۆرە كۆمەڵگانە بەردەوام هاوڵاتییان‌ چەكیان هەیە، چونكە هەست دەكەن دەوڵەت ناتوانێت بیانپارێزێت، بۆیە بە مافی خۆیان دەزانن چەكیان هەبێت، بەڵام كوردستان لەم دۆخە دەرچووە، ئاسایش بۆ هاوڵاتییان دەستەبەركراوە، بۆیە دەبێت حكومەت بیر لەوەبكاتەوە ئامرازەكانی تاوان و توندوتیژیی سنوورداربكات”.

ڕاشیگەیاند،”حكومەتی هەرێم پێیوایە دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی دەوڵەت ئەو مافەیان هەیە چەكیان لابێت، لەبەر ئەوەی ئێمە هێشتا لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانین و نەبووینەتە دەوڵەت، بۆیە خەڵك بە جۆرێك‌ شانازی بە هەڵگرتنی چەك دەكات وەك ئامرازێكی بەرگری، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەنگاوەكانی بۆ رێكخستنەوە و سنوورداركردنی هەڵگرتنی چەك دەستپێكردووە و هەنگاوی باشیشمان لەم ڕووەوە هاویشتووە و پێویستە چەكی قورسیش تەنها دەوڵەت خاوەندارێتی بكات”.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وتیشی،”چل لیژنە هەیە بۆ تۆماركردنی چەكی جەنگی كە نوێنەری پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگەی تێدایە، خەڵك دەتوانێت ئەو چەكەی هەیەتی لای ئەو لیژنانە تۆماری بكات و لە ڕێنماییەكەماندا بە ڕوونی هاتووە كە دوای تۆماركردنی چەكەكە ئەو كەسە دەبێت بەڵێننامە پڕبكاتەوە و چەكە تۆماركردووەكەی‌ هەڵنەگرێت و مامەڵە و دەستاودەستی پێنەكات و نەیفرۆشێتەوە”.

ئەوەش خستووەتەڕوو ئەگەر كەسێك بیەوێت چەكەكەی هەڵبگرێت پڕۆسەیەكی دوور و درێژ هەیە، بۆ ئەوەی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەكی پێبدرێت، لەبەر ئەوەی شوێنەكانی فرۆشتنی چەك لە لایەن حكومەتەوە داخراون،‌ بۆیە حكومەتی هەرێم بە هاوكاریی كەرتی تایبەت خەریكی پڕۆژە‌یەكی هاوبەشە كە تیایدا شوێنێك بۆ فرۆشتن و چاككردنەوە و مامەڵەكردن بە چەك دابنرێت، كە لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی ناوخۆ بێت.

ڕاشیگەیاند، “تێڕوانینێكی هەڵە هەبوو و خەڵك پێیوابوو ئێمە دەچین لە ماڵان دەگەڕێین بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەكەكانیان، نەخێر ساڵێك دانراوە بۆ تۆماركردنی چەكەكانیان، بەڵام دوای ئەو ساڵە هەر چەكێكی تۆمار نەكراو بە چەكی قاچاخ هەژماردەكرێت و دوو رێنمایی ِو یاسایەكیش دەرچووە كە یەكیان تایبەتە بە كۆمپانیا ئەمنییەكان كە ئەویش كاری رێكخستنی چەكدارییە، بۆیە هیچ كەموكوڕییەك لە یاسای چەك نییە و پێویست بە هەمواركردنەوە ناكات”.

بابەتی پێشتر

ڕاگەیەندراوێك لە كەشناسیی هەرێمی كوردستانەوە

بابەتی دواتر

مستەفا كازمی پۆستەكەی ڕادەستی محەمەد شیاع سودانی كرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دوكانێك لە سلێمانی ئاگریگرت

بەهۆی لێچوونی غازەوە ئاگر لە دووكانێكی ناوبازاڕی سلێمانی كەوتەوە و لەلایەن تیمەكانی بەرگریی شارستانییەوە كۆنتڕۆڵكرا. دووكانەكە دەكەوێتە گەڕەكی…
زیاتر ببینە

خەڵاتی كامەران نەجم دابەشدەكرێت

ئاژانسی مێترۆگرافی، خەڵاتی كامەران نەجم ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، خەڵاتەكە خۆی لە دوو بەخششدا دەبینێتەوە. ئاژانسی مێترۆگرافی ڕایگەیاند، خەڵاتەكە…
Total
0
Share