خەڵاتی كامەران نەجم دابەشدەكرێت

كامەران نەجم

ئاژانسی مێترۆگرافی، خەڵاتی كامەران نەجم ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، خەڵاتەكە خۆی لە دوو بەخششدا دەبینێتەوە.

ئاژانسی مێترۆگرافی ڕایگەیاند، خەڵاتەكە وەك ڕێزگرتن دەبێت لە کار و کاریگەرییەکانی کامەران نەجم، دامەزرێنەری ئاژانسەکە لە بواری فۆتۆی ڕۆژنامەوانیدا.

ڕوونیشیكردەوە، خەڵاتی كامەران خۆی لە دوو بەخششدا دەبینێتەوە، بەخششی 12 هەزار دۆلار بۆ ڕۆژنامەنووسێک لەهەر شوێنێکی جیهان بێت بۆ پشتگیریکردنی لە پڕۆژەیەکی ڕووماڵکردنی مەودادرێژ، هەروەها بەخششی هەشت هەزار دۆلار بۆ خێزانی فۆتۆگرافەرێکی ڕۆژنامەوانی کە لەکاتی کارکردنیدا دیارنەمابێت.

خەڵاتەكان یارمەتیدەردەبن لە هاندانی ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ و ئەو چیرۆکانەش کە بە قووڵی ڕووماڵدەکرێن، پێزانینیشن بۆ ئەو کەسانەی ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ گواستنەوەی هەواڵەکان، وەك ئەوەی مێترۆگرافی ئاماژەی پێداوە.

دەشڵێت، خەڵاتەكان لەلایەن دەستەیەك دادوەری ناسراوەوە بڕیاریان لەسەر دەدرێت کە پێکدێن لە فۆتۆگرافەر، ڕۆژنامەنووس و داکۆکیکارانی ئازادیی ڕۆژنامەوانی.

ناو تۆمارکردن بۆ خەڵاتی یەکەم لە 28ـی کانونی یەکەمی 2021ەوە دەستپێدەکات و بەردەوامدەبێت تاوەکو 18ـی شوباتی 2022.

براوەی خەڵاتی دووەم لەلایەن دادوەرانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.

خەڵاتەكانیش لە ڕێورەسمێكدا لە سلێمانی لە بەرواری 30ـی نیسانی 2022 دەبەخشرێن.

کامەران نەجم فۆتۆگرافەرێکی کوردی عێراقی و دامەزرێنەری مێترۆگرافییە کە یەکەم ئاژانسی فۆتۆگرافییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. لە ماوەی کارکردنیدا، کامەران ئیشی بۆ دەزگا هەواڵییە نێودەوڵەتییەکانی وەکو ڕۆیتەرز و ئەسۆشییەیتد پرێس کردووە. هەروەها وەکو فۆتۆگرافەر كاری بۆ واشنتن پۆست و ڤانیتی فەیر و زە تایمز ئۆف لەندەن و گۆڤاری فاینانشەڵ تایمز و چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەی دیکە کردووە.

یەکێک لەو خەڵاتانەی پێیبەخشراون، بریتییە لە ماستەرکالس مینا وۆرلد پرێس فۆتۆ.

كامەران نەجم لە 12ی حوزەیرانی 2014 لەکاتی ڕووماڵکردنی شەڕی نێوان پێشمەرگە و داعش لە باشووری کەرکوک بریندارکرا و پاشان دیارنەما.

کامەران لەگەڵ سێباستیان مایەر، فۆتۆگرافەری ڕۆژنامەوانیی ئەمریکی مێترۆگرافییان دامەزراند بە ئامانجی دامەزراندنی ناوەندێکی سەربەخۆی فۆتۆی ڕۆژنامەوانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە بەربەستە نەتەوەیی و کەلتووری و ئایینییەکان تێکدەشکێنێت و هانی پێکەوەکارکردن و فێربوون دەدات و گرنگی بە مێژوو و فرەجۆریی عێراق دەدات.

بابەتی پێشتر

پلاندانانی عێراق: ستراتیژێکی سێ ساڵیمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژاری داناوە

بابەتی دواتر

چێوەی هەماهەنگی داوای كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندان دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share