سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، نوێترین زانیاریی لەبارەی دۆخی تەندروستی د. كازم فاروق ئاشكرادەكات و ڕاشیدەگەیەنێت، ناوبراو هێشتا ئەندامی پەرلەمانە و مانگانە مووچەكەی دەخرێتە سەر هەژماری تایبەتی، بەڵام خێزانەكەی هیچ بڕە پارەیەكیان لە ئەژمارە بانكییەكەی ڕانەكێشاوە.
نووسینگەی د. ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، دۆخی تەندروستیی د. كازم فاروق ناجێگیرە و لەژێر ئامێری هەناسەی دەستكردایە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، داوا لە تەواوی دەزگاكانی ڕاگەیاندن كراوە، ڕێز لە تایبەتمەندیی كەسیی و باری دەروونی خێزان و كەسوكاری د. كازم بگرن و بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بكەن.