ناوی ژمارەیەك لە وەزیرانی كابینەی نوێی حكومەت ئاشكراكرا

بڕیارە سبەی ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنی دەنگدان بە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق ئەنجامبدات، سەرچاوەكانیش ناوی ژمارەیەك لە كاندید بۆ وەزارەتەكانی حكومەت ئاشكرادەكەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆی سبەی پێنجشەممەی بۆ دەنگدان بە بەرنامە و كابینەی نوێی حكومەت بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سودانی دیاریكرد.

چاوەڕوان دەكرێت كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لە 22 تا 24 وەزارەت پێكبێت، لەو پۆستە وەزارییانەی بەر پێكهاتەی شیعەكان دەكەوێت نزیكەی دوو لەسەر سێیان یەكلاكراونەتەوە.

جەمال حەسەن، سەركردە لە چێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، نزیكەی 70%ی وەزارەتەكانی چێوە یەكلاكراونەتەوە و لە چاوەڕوانیی یەكلاكردنەوەی ئەوانی دیكەدان.

وتیشی، “ئێوارەی ئەمڕۆ هێزەكانی چێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدەن بۆ یەكلاكردنەوەی ئەودوای وەزیرەكانی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی”.

تائێستا بەپێی ئاماژەكان دەشێت تێپەڕاندنی كابینەكە نیمچەیی بێت و ناونانی كاندیدی ژمارەیەك لە وەزارەتەكان چەند رۆژێك دوابخرێت، وەك ئەوەی سەركردەكەی چێوەی ئاماژەی پێدا.

هاوكات عەقیل فەتلاوی پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاشكرایكرد، هەندێك ناكۆكی لەنێو چێوەی هەماهەنگی هەیە دەربارەی كاندیدی وەزارەتەكان.

وتیشی، “لابردن و گۆڕینی كاندیدانی وەزارەتەكان لەلایەن سودانی-یەوە تا پێش نیوەڕۆی سبەی بەردەوام دەبێت”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، چوونە ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی سبەیدا بە نزیكەی 18 وەزارەتەوە دەبێت.

دەربارەی وەزارەتەكانی پێكهاتەی سوننە، بەپێی وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار هاوپەیمانیی عەزم بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی بەرگری لە حكومەتی داهاتوو سێ كەسی كاندید كردووە، كە سەرجەمیان كاندیدی پارێزگای موسڵ-ن.

بەپێی سەرچاوەكە، “كاندیدەكان بریتین لە پەرلەمانتاران ئەحمەد عەبدوڵا محەمەد جبوری، شێخ سابت عەباسی و خالد عوبەیدی”.

بەپێی میدیا عێراقییەكان-یش سەباح مەهدی كەریم كاندیدە بۆ پۆستی وەزارەتی لاوان و وەرزش لە حكومەتی نوێ.

كەریم پێشتر چەندین پۆستی وەرزشی لە پارێزگای بەسڕە هەبووە.

سەبارەت بە پۆستە وەزارییەكانی كوردیش تائێستا گفتوگۆكان لەوبارەیەوە درێژەیان هەیە، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت سێ لە كۆی چوار پۆستە وەزارییەكەی پێبدرێت، لەكاتێكدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سوورە لەسەر دوو بە دوو دابەشكردنی پۆستەكان.

مەهدی فەیلی، بەرپرس لە پارتی بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە كە فوئاد حسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە و بەنگین رێكانی بۆ وەزارەتی شارەوانی كاندید دەكەن.

بە وتەی ئەو پۆستی وەزارەتی داد بە یەكێتی دەدرێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە یەكێتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ژینگەش، بەڵام تائێستا ناوی كاندیدانی حزبەكە بۆ ئەو پۆستانە ئاشكرانەكراون.

لە 10ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدرا، 13ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ گرێی پێكهێنانی حكومەت بە هەڵبژاردنی لەتیف رەشید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كرایەوە.

چاوەڕوانیش دەكرێت سبەی 27ی تشرینی یەكەم حكومەتی نوێی عێراق دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێك بەسەر هەڵبژاردندا پێكبهێندرێت.

بابەتی پێشتر

زانیاریی نوێ لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ەوە ئاشكرادەكرێت

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ئینته‌ر میلان گه‌یشته‌ (16) و به‌رشلۆنه‌ی ڕه‌وانه‌ی "یوروپالیگ" کرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەنتەری ئەلیکترۆنی لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: کێشە بۆ دامودەزگاکانی حکومەتی عێراق دروستنەبووە بەهۆی کێشە ئەلکترۆنییەکەوە

سەنتەرەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەو پەککەوتنە جیهانییە کە ئەمڕۆ سێرڤەرەکانی ویندۆزی…
Total
0
Share