وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، حكومەتی هەرێم شەس ملیار دیناری بۆ ناوەندەكانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە تەرخانكرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتەكە كە وێنەیەكی دەست تۆری میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، “بڕی سێ ملیار دینار بۆ دروستكردنی ژووری نوێی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە تەرخانكرا كە لە ئێستادا هەموو ڕێكارەكانی ئەندازەیی و كارگێریی و فەرمانی خەرجی دارایی بۆ دروستكردنی 184 ژووری نوێی خوێندن (هۆبە) تەواوبووە لەسەر بودجەی ئاسایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، لە ئیستادا دەتوانن دەستبەكاربن بۆ جێبەجێكردن”.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بڕی سێ ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی 293 خوێندنگە، كە ڕێكارەكانی ئەندازەیی و كارگێریی و فەرمانی خەرجی داراییان لەسەر بودجەی ئاسایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان تەواوبووە، لە ئێستادا دەتوانن دەستبەكاربن بۆ جێبەجێكردن.