قائیمقامی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هەر هۆتێلێك ڕێگا بە مانەوەی منداڵانی ئیشكەر و دەرۆزەكەر بدات دادەخرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، كۆبوونەوەیەك لە قائیمقامیەتی سلێمانی بە ئامادەبوونی ڕێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان لەگەڵ خاوەنی هۆتێلە میللییەكانی سلێمانی بەڕێوەچووە و تێیدا تەواوی یاسا و ڕێنماییەكانی تایبەت بە پاراستنی منداڵ خرانەڕوو بە تایبەت منداڵانی ئیشكەر و دەرۆزەكەر كە خاوەنی هۆتێلێكان ئاگاداركرانەوە ڕێگانەدەن بە مانەوەی ئەو منداڵانە و خێزانەكانیان ڕێگاش نەدەن هیچ كەسێك بەبێ بەڵگەنامەی فەرمی لەو ئوتێلانە بمێننەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بە زۆربوونی كێشەی منداڵانی ئیشكەر و دەرۆزەكەر كران و داواكران كاری جدیی بكرێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردە نا شارستانییە، ئاوات محەمەد وتیشی، “تەواوی ئەو منداڵانە لە دەرەوەی سلێمانی و هەرێمی كوردستانەوە هاتوون، نابێت ڕێگە بدرێت لە هۆتێلێكاندا بمێننەوە”.
قائیمقامی سلێمانی داوای لە خاوەنی هۆتێلەكان كرد لەبەر سەلامەتی و پاراستنی هەموولایەك هاوكاربن بۆ بنبڕكردنی ئەو دیاردەیە و تەئكیدیشیكردەوە هەر خاوەن هۆتێلێك ڕێگا بەمانەوەی ئەو خێزانانە بدەن كە كار بە منداڵەكانیان دەكەن ڕاستەوخۆ هۆتێلێكەیان دادەخرێت.