ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، چاوەڕێ دەکرێت رۆژی پێنجشەممە دەنگدان لەسەر کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی بەڕێوەبچێت.
د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ” لە ئەمڕۆوە وەک پەرلەمانتارە کوردەکان دەچینەوە بەغداد چاوەڕێ دەکرێت رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە مەبەستی دەنگدان بە کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی بەڕێوەبچێت”.
وتیشی، “لە رووی یاساییەوە هیچ کێشەیەک نییە لە ماوەی ئەو مانگەی بە سودانی دراوە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی لە چەند دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەیانخاتە روو بەڵام نابێت لە دوای ئەو مانگە پۆستی هیچ وەزارەتێک بە بەتاڵی بمێنێتەوە و لە رووی یاساییەوە رێگەپێنەدراوە”.
ئاشکراشی کرد، “بە پێی پێشبینییەکانی ئێمە، پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکومەت بەبێ کێشە وەک هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆتایی دێت، حکومەتەکە حکومەتی هەر چوار ساڵەکە دەبێت و کاتی نییە، خودی محەمەد شیاع سودانیش ئەو بژاردەیەی خستووەتە بەردەمی لایەنەکان بۆ هەر پۆستێک ناوی سێ کاندیدی بدەنێ و ئەو خۆی لە رێگەی لیژنەیەکەوە کەسێکیان لێهەڵدەبژێرێت”.