تیمی پارێزەران: بانێكە و دوو هەوا
ئازادكردن بەمەرجی زیندانییانی شیلادزێ رەتكرایەوە

لەلایەن دادگای كەتنی هەولێرەوە ئازادكردن بەمەرجی زیندانییانی شیلادزێ رەتكرایەوە، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگری دەڵێت، كەسانێك بە هەمان پرس و ماددە ئازادكردنەكە گرتوونیەتیەوە و دادگا بە “بانێكە و دوو هەوا” مامەڵە دەكات.

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە رۆژنامەنووس و چالاكوانانی دەستگیركراوی بادینان ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاگاداریان كردنەوە كە داواكاریی ئازادكردن بە مەرجی زیندانییانی شیلادزێ لەلایەن دادگاوە رەتكراوەتەوە.

وتیشی، “لەسەر هەمان پرس و هەمان ئەو ماددەیە، خەڵكی دیكە لە هەرێم دەستگیركراوە سزادراوە و پاشان بە بڕیاری ئازادكردن بە مەرج ئازادكراوە، ناكرێت لە دادگا بانێكە و دوو هەوا بێت”.

ئەو پارێزەرە نیگەرانی خۆیشی نیشاندا بەوەی “دەستێوەردان” لە كاروباری دادگا تائێستا بەردەوامە و وتی، “لە مێژووی كاروباری دادگای كوردستاندا دادگای وا خراپ نەبووە، ئاوها بڕوات دادگاكان دۆخیان بەرەو خراپتر دەچێت، لەبەرئەوەی كەوتوونەتە ژێر هەژموونی حزبی”.

پێشیوایە بڕیارەكە دەبێتە “پێشینەیەكی خراپ” بۆ زیندانییانی دیكەی وەك (شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، ئەیاز كەرەم، ئەریوان عیسا، مەلاشڤان، مەلانەزیر و قارەمان شوكری) كە بەهەمان شێوە داوای ئازادكردن بە مەرجیان بۆ كراوە.

پارێزەری زیندانییانی بادینان بەنیازن لە هەفتەی داهاتوودا داوای “دەستێوەردانی پێداچوونەوە” لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بكەن، وەك ئەوەی سەرۆكی تیمەكە ئاماژەی پێدا.

سەبارەت بە دەستگیركردنی یەكێك لە پارێزەرانی تیمەكەشیان لەماوەی رابردوودا، بەشدار حەسەن وتی، “شێوازی دەستگیركردنەكەی شێوازێكی زۆر ناتەندروست بووە، دەبوایە لەرێی سەندیكای پارێزەرانەوە بێت و رەزامەندیی ئەوان وەربگیرێت، بەڵام بەبێ ئاگاداركردنەوەی ئەوان ئەو كارەیان كردووە”.

سەبارەت بە دۆخی زیندانییانی بادینانیش روونیكردەوە، ئەوانەی لە چاكسازیی گەورانن، دوای ئەوەی مانگرتنەكەیان شكاند و داوای گواستنەوەیان كرد بۆ چاكسازیی سلێمانی، “ئیدارەی چاكسازیی هەولێر مامەڵەیەكی زۆر خراپیان لەگەڵ دەكات بەداخەوە”.

لەبارەی چارەنووسی شێروان شێروانی-ش كە كەسوكارەكەی دەڵێن بۆ شوێنێكی نادیار گوازراوەتەوە، سەرۆكی تیمی پارێزەران رایگەیاند، تا ئەم خولەكە نازانن لە كوێیە، ئەوەندە دەزانن لەگەڵ هاوەڵەكانی لە هۆڵەكەی گواستراوەتەوە و براوەتە شوێنێكی نادیار و زانیارییان نییە و وتی، “دەیانەوێت زیاتر ئەزێتی شێروان شێروانی و هاوڕێكانی بدەن”.

بابەتی پێشتر

هۆڵەندا 44 هەزار قەل لەناودەبات

بابەتی دواتر

ئینستگرام کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دەروون هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەمشەو بارانبارین بەردەوامدەبێت

بەڕێوەبەرایەتیی كەشناسیی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەمشەو بارانبارین بە شێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی بەردەوامدەبێت…
Total
0
Share