گەردونناسێكی كورد روونكردنەوە لەسەر دوایین وێنەی جەیمس وێب دەدات

تەلەسكۆپی جەیمس وێب وێنەیەكی بۆشایی ئاسمانی بڵاوكردەوە و گەردونناسێكی كورد دەڵێت، وێنەیەکی زۆر وردی کۆڵەکەکانی دروستبوونە.

لوقمان حەوێز، گەردونناسی كورد و ئەندامی كۆمەڵەی گەردونناسی تێكساس لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەكەدا، كە بەر لە چەند رۆژێک لەلایەن تیمی جەیمس وێب لە ناسا بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، وێنەکە هی بەشێکی بچوکی تەمێکی هایدرۆجینیی گەورەترە و ناوی Eagle.Nebula یە.

وتیشی، “ئەم تەمە هایدرۆجینیە لەنێو گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشانە، کە ئێمە و کۆمەڵەی خۆرەکەشمان بەشێکین لێی، دوریی تەمی ئیگڵ نزیکەی 5700 ساڵی تیشکیە و تیرەی هەموو تەمەکە لەنێوان 55 ساڵی تیشكی بۆ 70 ساڵی تیشکییە”.

بەپێی وتەی گەردونناسەكە وێنەكە هی بەشە هەرە سەرنجڕاکێشەر و گرنگەکەیە لەنێو ئەم تەمە هایدرۆجینیە لەبەر ئەوەی هێلانەی دروستبوونی ئەستێرەیە لە ئێستادا، لەکاتی چاودێریکردنی ورد دەبینین ژمارەیەکی زۆر لە ئەستێرەی نوێ تیایدا دروست دەبێت، بۆیە بەم بەشە سەرنجڕاکێشە دەوترێت Pillars.of.Creation واتە کۆڵەکەکانی دروستبوون.

روونیشیكردەوە، تیرەی تەنها ئەم بەشە لە نێوان چوار بۆ پێنج ساڵی تیشکییە، بەڵام زۆر چالاکە لە دروستکردنی ئەستێرە و ئێستا ژمارەیەکی زۆر ئەستێرە لە قۆناغی جیاجیای دروستبوونن، لەبەر ئەوەیە ئاژانسی ناسا ناوی لەم بەشە ناوە شاژنی دروستکردنی ئەستێرەکان لەنێو تەمی ئیگڵ.

لوقمان حەوێز ئەوەشی خستەڕوو، گەلەئەستێرەکان پڕن لە تەمە هایدرۆجینیەکان، تاوەکو ئێستا هەزارەها تەمی هایدرۆجینیمان دۆزیوەتەوە تەنیا لەنێو گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشان، تەمە هایدرۆجینیەکان هێلانەی دروستبوونی ئەستێرەکانن لە نێو گەردوون، کاتێک کاریگەرییەکی کتوپڕ دەکەوێتەسەر هەموو تەمەکە یان بەشێکیو وەکو بۆ نمونە تەقینەوەیەکی ئەستێرەیەکی زەبەلاح بەشێوەی سوپەر نۆڤا لە دووریی دەیەها و سەدەها ساڵی تیشکی، ئەوا ئەو بەشە یان هەموو تەمەکە دەست بە سوڕانەوەیەکی لەسەرخۆ دەکات و وردە وردە چڕ دەبێتەوە بەرەو چەقەکەی و ئەستێرەکان دروست دەکەن لە چەقی ئەو بەشانە لە نێو تەمەکە.

وێنەكەی جەیمس وێب:

وێنەی سەرجەم تەمی Eagle كە لەلایەن تەلەسكۆپی هەبل گیراوە:

 

بابەتی پێشتر

کەشناسی بڕی بارانبارینی 24 کاتژمێری ڕابردووی بڵاوکردەوە

بابەتی دواتر

هاتوچۆی سلێمانی: ئامێرەکانی پشکنینی مەینۆشی لە مەفرەزەکانمان نەکشێنراونەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share