زانیاریی نوێ لەبارەی دزیی سەدەوە ئاشكرادەكرێت

پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی لەسەر زاری بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی باجەوە دەڵێت، “كەسانی گەورە لە سەرجەم دامەزراوەكان” بەشداربوون لە دزینی پارە دانراوەكەی بارمتەی باج-دا.

رووداوی دزینی 3.7 تریلیۆن دینار (2.5 ملیۆن دۆلار) لە عێراق كە بەمدواییە بۆ رای گشتی ئاشكراكرا و بە “دزیی سەدە” ناودەبرێت، لێكۆڵینەوەكان تیایدا بەردەوامە بەبێ ئەوەی تۆمەتبارانی سەرەكی دیاربن، پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، كەسانی گەورە تێوەگلاون و لێكۆڵینەوەكان بە “سست” ناودەبات.

ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی دارایی بانگێشتی وەزارەتی دارایی، دەستەی گشتیی باج و گومرگەكانی كردووە بۆ زانینی وردەكاریی دزینی پارەكە لە ئەژماری بارمتەی تایبەتی دەستەی گشتیی باج.

دزییەكە بە نزیكەیی لەماوەی ساڵێكدا و لەنێوان ئەیلولی 2021 تا تشرینی یەكەمی 2022 ئەنجامدراوە.

ئەو پەرلەمانتارە وتی، “دەستەی گشتیی باج، بەرپرسی یەكەم بووە لە خەرجكردنی ئەو پارەیە”.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ پێنج كۆمپانیا خەرجكراوە “بەبێ رێگەپێدان یان بوونی بریكارنامە لە لایەنی سێیەمەوە كە خاوەنی بنەڕەتیی بارمتەكەیە” روونیشیكردەوە، “دەستەی باج دانیبەوەداناوە كە پارەكە بەبێ هیچ سەرەتایەك خەرجكراوە، بەمەش بە دزراو لە گەنجینەی دەوڵەت دادەنرێت، چونكە خاوەن بنەڕەتییەكانیان وەریاننەگرتووەتەوە”.

دەربارەی لایەنی بەرپرس لە دزییەكەش دلێمی دووپاتیكردەوە، “دەستەی گشتیی باج بەرپرسی یەكەمە، پاش بانگێشتكردنی بەڕێوەبەری دەستەكە، دووپاتیكردەوە كە لایەنی گەورە بەشدارن تیایدا، ئەوەش ئاماژەیە بۆ تۆڕێكی گەورە لە سەرجەم دامەزراوەكانەوە”.

ئەوەشی وت، بەڕێوەبەری دەستەی باج لەمیانەی بانگێشتكردنەكەیدا جەختیكردەوە “بابەتەكە تەنها پەیوەندیدار نییە بە دەستەوە، بەڵكو بە بانكی رافیدەین، نوسینگەی سەرۆك وەزیران، كەس و لایەنە گەورەكانیشەوە” ئاماژەی بەوەشكرد، “لەكاتێكدا ئەگەر دادگا چاوپۆشی لەو پرسەدا كرد و، دەستێوەردانی نەكرد و، فەرمانی دەرنەكرد بۆ دەستگیركردنی كەسانی پەیوەندیدار، دەشێت تەنانەت دادگا و دەستپاكی و لایەنی دیكە تێوەگلابن بەو تۆڕەوە”.

پەرلەمانتارەكە رێوشوێنەكانی تائێستای لەو دۆسیەیەدا بە “سست” ناوبرد و روونیكردەوە، ئەو پێنج كۆمپانیایەی پارەكەیان راكێشاوە “تازە دامەزرێندراون، پارە راكێشراوەكەش بەشێوەیەكی نیمچە یەكسان بەسەریاندا دابەشكراوە، وەك ئەوەی بەشیان كردبێت”.

دەربارەی چارەنووسی پارەكەش ئەوەی خستەڕوو، “بەشێكی دزەی پێكراوە، بەشێكی دیكەی لە كڕینی موڵك بەكاربراوە لەلایەن خاوەنی ئەو كۆمپانیایانەوە”.

دلێمی باسی لەوەشكرد، “دەبوو دادگا فەرمانی دەستگیركردنی بەخێرایی دەرهەق بەو تۆڕە دەربكردایە، مەفرەزەی هەڵكوتانەسەر بۆ دەستبەسەركردن ببوایە، بەر لەوەی باندەكان هەوڵی هەڵهاتن بۆ دەرەوەی وڵات بدەن، لەئێستاشدا رێوشوێنەكان زۆر لاوازن”.

لە 13ی ئەم مانگە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری پێشووی دارایی بە وەكالەت دزرانی ئەو پارەیەی لە داهاتی عێراق ئاشكراكرد و وتی، “كۆمەڵێك كەسی دیاریكراو، بڕی 3.7 تریلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار)یان لە پارەی باج لەناو بانكی رافیدەین دزیوە”.

دواتریش دەستەی دەستپاكیی عێراق لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، دۆسیەكە لێكۆڵینەوەی تیاكراوە و لەئێستادا خراوەتە بەردەم دادگا.

پێشتر ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاكان بەناوی (شرکة الحوت الاحدب، شركة رياح بغداد، شركة القانت، شركة المبدعون و شركة بادية المساء) پارەكەیان راكێشاوە.

ئەوەشی وت، “وادیارە هەموو پارەکەشیان بە کاش وەرگرتووە و گومان هەیە کە براوەتە دەرەوەی وڵات، چونکە لەو مێژووەدا بڕی خستنەبازاڕی دۆلار زۆر زیادیکردبوو”.

پەرلەمانتارەكەی پێشوو ئاماژە بەوەشدەكات، یەکێک لە کۆمپانیاکان ناوەکەی کوردییە و خاوەنەکەی تەنها 21 ساڵە و رەگەزنامەكەی لە هەولێر دەرکراوە، دوو لە كۆمپانیاكانیش هەمان پارێزەریان هەیە.

بابەتی پێشتر

کێشەکانی تین هاگ و ڕۆناڵدۆ گەیشتن بە چی؟

بابەتی دواتر

کاروان گەزنەیی: ئەو وڵاتانەی هەرێم نەوتیان لێدەکڕێت هیچیان بەو نرخە نین حکومەت باسیدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

د. بڕیار رەشید: خشتەكانی بودجە بە شێوەیەك گۆڕانكاری تێداكراوە كە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمدایە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، خشتەكانی بودجە بە شێوەیەك گۆڕانكاری تێداكراوە كە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی هەرێمدایە و ئەوەی…
زیاتر ببینە

تەندروستیی عێراق ئاماری تووشبوون و گیانلەدەستدانی بە تای خوێنبەربوون و کۆلێرا راگەیاند

وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئاماری تووشبوون و گیانلەدەستدانی بە تای خوێنبەربوون و کۆلێرا راگەیاند. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی…
Total
0
Share