شەپۆلێكی باران روو لە شارەكانی هەرێم دەكات

كەشناسیی هەرێم پێشبینی دەكات لە كۆتایی ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێكی باران روو لە شارەكان بكات، دەشڵێت، بارانی پێشبینیكراو لە دوو پارێزگادا زیاتر دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی کاریگەریى دوو نزمە پەستانى لاوازى دەریاى ناوەڕاست و نیمچە دوورگەى عەرەبى لە رۆژى پێنجشەممەوە ئاسمانى هەرێم بە گشتى بۆ نیمچەهەور و هەندێ ناوچە لە هەندێ کات بۆ هەورى تەواو دەگۆڕێت.

رۆژى هەینى ئاسمان بەردەوام نیمچە هەور دەبێت لە ئێوارەدا هەور زیاتر دەبێت، وەك ئەوەی كەشناسیی هەرێم ئاماژەی پێداوە.

دەشڵێت، لە ئەگەرى دروستنەبوونى گۆڕانکارى لە پێشبینیەکان، ئەگەرى بارانبارین لەسەر بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و بارانێکى مامناوەند لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و ناوچە جیاجیاکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک هەیە.

چاوەڕوانیش دەكرێت باران بارینى پێشبینیکراو لەسەر سنوورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک زیاتربن لە چاو ناوچەکانى دیكە. سەنتەرى سلێمانى و هەڵەبجە ئەگەرى نمە بارانى پچڕ پچڕیان دەبێت لە هەندێ کاتدا.

سەبارەت بە پلەكانی گەرما-ش دەڵێت، بە چەند پلەیەک نزم دەبێتەوە، خێرایى با زیاد دەكات و ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆز و خۆڵیش دەبێت.

كەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو ناجێگیریەى لەسەر كەشی ناوچەكە دروست دەبێت تا رۆژى دووشەممە بەردەوامى دەبێت.

بابەتی پێشتر

راستە فڕۆكەیەكی عێراقی بە چوار ملیار دۆلارەوە چووەتە توركیا؟

بابەتی دواتر

سەرۆك كۆماری عێراق گەیشتەوە سلێمانی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share