بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ د. لەتیف رەشید و جێنین پلاسخارت کۆبووەوە

ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عیراق و جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە ماڵی مام لە بەغداد کۆبوونەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عیراق و جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە  یەکگرتووەکان لە عێراق لە ماڵی مام لە بەغداد کۆبوونەوە کە تێیدا دۆخی گشتیی وڵات، پەلە کردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عیراقی تێکەوتووە تاوتوێکران.

لە کۆبوونەوەکەدا ھەرسێ لایەن جەختیان لە گفتوگۆی نیشتمانیی نێوان لایەنەکان کردەوە بۆ تەواوکردنی رێککارە یاسایی و دەستوورییەکان و دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی خواستی هەمووان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و پارێزەری مافی هەموو گەلانی عێراق بێت.

هاوکات پەرۆشی خۆیان بۆ بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداریی، چەسپاندنی دەسەڵاتی دادوەری و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەربڕی، داواشکرا دامەزراوە دەستوورییەکان دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکەن و کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بکەن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە و رایگەیاند، “نابێت جارێکی دیکە بەرژەوەندییەکانی خەڵک و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێن، پێویستە رێچکەی سەرۆک مام جەلال بگرینە بەر و گفتوگۆ و دیالۆگ بکرێنە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان”.

بابەتی پێشتر

گۆڕانی ئاووهەوا کاریگەری لەسەر تەندروستی گورچیلە هەیە

بابەتی دواتر

كەركوك.. بەهۆی تەقینەوەیەكەوە سێ منداڵ بوونە قوربانی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share