ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: ڕیفراندۆم تاکە هۆکار و بیانووی ڕوودانی 16ی ئۆکتۆبەر بوو

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕیفراندۆم بە هەوڵێکی بە مەبەست بۆ ڕوودانی 16ی ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی کەرکوک ناو دەبات، بەپێی وتەی ئەو، سەرانی ڕیفراندۆم بە دەستی دەرەکی و بە مەبەست وایانکرد کەرکوک بگات بەم حاڵە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، “هەموومان دەمانزانی و لەبەرچاومانبوو کە ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ڕوودەدەن، هۆکارەکشی ئەو ڕیفراندۆمە بێ سوودەبوو کە کرا”.

ئاماژەی بەوەکرد، کە ڕیفراندۆم تاکە هۆکاربوو بۆ ڕوودانی 16ی ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە.

بەپێی وتەی ڕەوەندی مەلا مەحمود، دەستی دەرەکی بە هاوکاریی ناوخۆ وایانکرد بەشێکی زۆری خاکی هەرێمی کوردستان لەدەست کورد دەربهێنرێت، ڕیفراندۆم ئەو بیانووەبوو کە درا بەدەستیانەوە.

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، “ئێمە لە کەرکوک بەر لە ڕیفراندۆن هۆشداریی زۆرمان دا بە سەرانی ڕیفراندۆم کە زیانی گەورە بە کەرکوک دەگەیەنێت، داوامانکرد ڕیفراندۆم نەکەن با کەرکوک لەدەست نەدەین، بەڵام گوێیان نەگرت”.

ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک بەنیازبوون ڕیفراندۆم بکەن “ئێمە ئاگادارمان کردن کە دۆخی ئێستای کەرکوک هی ئەوە نییە ڕیفراندۆم بکرێت، ئەو هێزی پێشمەرگەیەی لە کەرکوکە توانای پاراستنی کەرکوکیان نییە بەڵام بەهەند وەرنەگیرا و کەرکوکیان خستە ئەو دۆخەی کە لە 16ی ئۆکتۆبەردا لەدەستماندا”.

رەوەندی مەلا مەحمود وتی، “جگە لە هۆشدارییە ناوخۆییەکان هۆشداریی دەرەکیش هەبوو بۆ مەترسییەکانی سەر کەرکوک و ناوچەکانی دیکە لە ئەگەری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەڵام ڕیفراندۆم وەک کارێکی بە مەبەستبوو بۆ ئەوەی ئەو ڕووداوانە ڕووبدەن”.

ئەمڕۆ پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەردا کە کەمتر لە مانگێک دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سوپای عێراق هێرشیانکردە سەر کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری، بەهۆی ئەو ڕووداوەوە  زیاتر 50%ی خاکی هەرێمی کوردستان چووە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و ژمارەیەک پیشمەرگە شەهیدبوون.

بابەتی پێشتر

لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا سێ کەس برینداربوون

بابەتی دواتر

وەڵامی بافڵ جەلال تاڵەبانی دەربارەی 16ی ئۆکتۆبەر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share