بەرپرسێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی یەكگرتووەوە لە پەرلەمانی كوردستان پێنج پەرلەمانتاری بزوتنەوەی ئیسلاميی كورسییەكانیان پڕدەكەنەوە كە پێشتر بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكانیان كردووە.
شیروان زرار وتەبێژی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان نووسراوی بۆ ئێمە نەكردووە تایبەت بە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی یەكگرتوو كە شوێنەكانیان پڕبكرێنەوە و هەر كاتێك نووسراو بۆ ئێمە كرا بەپێی ڕیزبەندییەكانیان پێنج پەرلەمانتاری بزوتنەوەی ئیسلامی دەچێتە شوێنەكەیان كە پێشتر بە یەك لیست بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكاندا كردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “لە پڕكردنەوەی كورسییەكاندا ڕەچاوی ڕێژەی ژنان كراوە كە 30%ی كورسییەكانیان بۆ تەرخانكراوە و بەپێیەش بێت سێ پیاو بە دوو ژن شوێنەكانیان پڕدەكەنەوە”.
لەدوای ئەوەی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان بڕیاری كشانەوەی دا كە نیگەرانبوون لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، كورسییەكانیان بۆ بزوتنەوەی ئیسلامی دەبێت و پەرلەمانتارەكانی یەكگرتوو كە دەستیان لەكاركێشایەوە هەریەك لە (ئەبوبەكر هەڵەدنی، شێركۆ جەودەت، ئیسماعیل عەلی، سەرچنار ئەحمەد وهلز ئەحمەد)ن كە لەلایەن محەمەد بازیانی، كامیل مەحمود، عەبدوڵڵا وەرتی، لەیلا عەلی عەبدولعەزیز و عومەر یوسفی-یەوە شوێنەكانیان پڕدەكرێتەوە.