ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە چەند بڕیارێكی دەركرد و جەختیكردەوە لە 20ی ئەم مانگەوە نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەكرێت و سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەكانەوە پڕۆسەكە دەستپێدەكات.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای وەبەرهێنانی كانزایی لە هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە خرایەڕوو.
لە كۆبوونەوەكەدا گرنگیی و بایەخی هەبوونی پڕۆژەیاسای وەبەرهێنانی كانزایی دووپاتكرایەوە كە هەنگاوێكی گرنگە بۆ هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی ئابوریی هەرێم و ڕێكخستنەوەی بواری وەبەرهێنان لە سامانی كانزاكانی هەرێم بە دید و ستراتیژێكی نوێ و بڕیاردرا لیژنەیەكی تایبەتمەند پێكبهێنرێت بۆ بە دواداچوونی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە بارەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساكە خرانەڕوو بە ئاراستەی دەوڵەمەندكردنی پڕۆژەكە و ئامادەكردنەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساكە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، عێراق ڕەزامەندی داوە لەسەر ناردنی بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەم مانگە، وەك قۆناغی یەكەم، ئامادەكاریی پێویست كراوە كە لە 20ـی ئەم مانگەوە، سەرەتا نەوتی سپی لە ناوچە شاخاویی و ساردەكانی هەرێم بە سەر هاوڵاتییان دابەشبكرێت هاوشێوەی ساڵانی پێشوو.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، خستنەڕووی پێشنیازی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان سەبارەت بە لێخۆشبوون لە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەخشینانە ( مینحە )یان وەریانگرتووە و بەكۆی دەنگ پێشنیازەكە پەسەندكرا.