وەزیری خوێندنی باڵا: سەرجەم خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەرگیراون

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکارانی لە زانکۆ و پەیمانگاکان ڕاگەیاند، وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت، “لە سەدا سەدی خوێندکاران وەرگیراون”.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ژمارەی خوێندکاران کەمتربوو، بەڵام وەزارەت پلانی وەرگرتنی زیاترکردووە، بۆ ئەمساڵ شەش هەزار و 415 کورسیی وەرگرتن زیادکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەمساڵ 63 هەزار و 219 کورسیی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان تەرخانکراون، سەرجەم ئەوانەی لەڕێگەی زانکۆلایەنەوە داواکارییان پێشکەشکردووە وەرگیراون، سەرەڕای ئەوەش 21 هەزار و 966 کورسیی بەتاڵ ماوەتەوە.

وتیشی، تەنها 368 خوێندکار وەرنەگیراون ئەوانیش بەهۆی هەڵە لە فۆرمەکانیاندا، کە دەتوانن فۆرمی سکاڵا پڕبکەنەوە و کێشەکانیان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چارەسەردەبێت.

کۆی گشتیی وەرگیراوان بۆ ئەمساڵ 41 هەزار و 253 خوێندکارن، ئەوانەی دەرچووی ئەمساڵن و وەرگیراون 27 هەزار و 360 خوێندکارن.

وەزیری خوێندنی باڵا جەختیکردەوە، کە سیستمی زانکۆلاین لەوپەڕی دادپەروەریدایە و هیچ مەجالێکی دەستێوەردانی تێدا نییە.

لەلایەکی دیکەوە خەتاب شێخانی سەرۆکی لێژنەی باڵای وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا باسی لەوەکرد، کە ساڵانە ئەولەویەتی وەرگرتن دەدرێت بە دەرچووانی هەمان ساڵ بۆ ئەمساڵیش سەرجەم دەرفەتەکان بۆ دەرچووانی ئەمساڵ ڕەخسێنراوە و ئەولەویەتییان پێدراوە.

باسی لەوەشکرد، کاری وەزارەت زیاتر لەسەر ئەوەیە خوێندنی کۆلێژ و بەشەکانی ئێواران کەمبکاتەوە ئێستا بەشێکی زۆریان داخراون و هەندێکیان ماونەتەوە، پلانی وەزارەت بەرەو خوێندنی بەیانیان و داخستنی ئێوارانە.

هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەهۆی جێبەجێکردنی بۆڵۆنیا پرۆسێس ناتوانرێت لە خوێندنی ئێواراندا مافی تەواوی پێبدرێت بۆیە زیاتر هەوڵیان بۆ خوێندنی بەیانیانە.

بابەتی پێشتر

حاڵەتەکانی دزینی سەرەمەنهۆڵ لە هەندێک گەڕەکی سلێمانی زیادیانکردووە

بابەتی دواتر

بە تاوانی تێوەگلانی لە گەندەڵی سزایەکی نوێ بەسەر سەرۆکی میانماردا سەپێندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share