کۆرپەکانمان لە تەنگژەدان.. مەترسیی گەورە لە شیری دایکدا دەردەکەوێت

دۆزینەوەی گەردیلەی مایکرۆ پلاستیک بۆ یەکەمجار، توێژەرانی نیگەرانکردووە کە کاریگەریی جدیی دەبێت لەسەر تەندروستیی منداڵان.

توێژەران لە شاری ڕۆمای ئیتالیا توێژینەوەیان لەسەر شیری 34 دایک کرد کە سەرجەمیان لە هەفتەی یەکەمی دوای منداڵبووندابوون، ئەنجامەکان دەریخست کە 75%ی نمونەکان گەردیلەی مایکرۆپلاستیکیان تێدایە.

زاناکان باس لەوەدەکەن، بەکارهێنانی کەلوپەل و کەرەستەی پلاستیکی لەلایەن دایکانەوە بۆ خواردن و خواردنەوەکان، هەروەها زۆر خواردنی خواردنە دەریاییەکان هۆکارن بۆ بوونی ئەو دەنکۆڵانە لە شیری دایکەکاندا، ئەمە جگە لەوەی کەلوپەلە تایبەتییەکانی ئەو دایکانە سەرجەمیان پلاستیکیان تێدایە.

توێژەران لە توێژینەوەکەیاندا، کە ئەنجامەکانیان لە گۆڤاری “Polymers”دا بڵاوکردووەتەوە، بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو تەنۆلکە پلاستیکییانە لە پۆلی ئیتیلێن و پرۆپیلین پێکهاتوون.

ڤالێنتینا نۆتارستێفانۆ، لە زانکۆی پۆلیتێکنیکا دێل مارش لە لێدوانێکدا لەسەر دۆزینەوەکە، وتی، “بەڵگەکانی مایکرۆپلاستیک لە شیری دایکدا نیگەرانییەکی گەورەمان بۆ مەترسییەکانی لەسەر کۆرپە زیاد دەکات”.

نۆتارستێفانۆ دەڵێت، “پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ ڕێگاکانی کەمکردنەوەی بەرکەوتن بەم پیسکەرە پلاستیکییانە بکرێت لە کاتی دووگیانی و شیرپێداندا . ”

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت جەخت لەوە بکرێتەوە کە سوودەکانی شیرپێدان زۆر زیاترە لەو زیانانەی کە بەهۆی بوونی مایکرۆپلاستیکی پیسەوە دروست دەبێت.

ئامۆژگاری ژنانی دووگیان دەکرێت خۆیان لە خواردن و خواردنەوەکان بەدوور بگرن کە لەناو دەفری پلاستیکیدان، جوانکاری، مەعجونی ددان کە مایکرۆپلاستیکی تێدایە، هەروەها خۆیان بەدووربگرن لەو جلوبەرگانەی کە لە قوماشی دەستکرد دروستکراون.

وە ئاماژەی بەوەشکردووە کە “هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی کاریگەرییەکانی مایکرۆپلاستیک و پیسکەرەکانی پەیوەندیدار لەسەر کۆرپەکە نییە، بۆیە پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر چونکە منداڵانی تازە لەدایکبوو و منداڵانی بچووک زۆرجار زیاتر بەرکەوتەی ماددە کیمیاییەکان و تەنۆلکەکانی پلاستیک دەبن”.

بابەتی پێشتر

براوەكانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ئەمساڵ كێن؟

بابەتی دواتر

ئاگر لە باڵەخانەیەکی بازرگانی لە هەولێر کەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share