پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی بۆ 20 ماددەی دیكەی پڕۆژەیاسای پەروەردە ئەنجامدا

دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان

پەرلەمانی كوردستان درێژە بە خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری دەدات و لە دانیشتنی ئەمڕۆدا 20 ماددەی دیكە خوێندنەوەیان بۆ كرا.

ئه‌مڕۆ دانیشتنی ژماره (8)ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.

به‌ر له‌ ده‌ستكردن به‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان داوای له‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینی كرد ده‌رئه‌نجامی به‌دواداچوونى لیژنه‌كه‌یان بۆ ڕێنماییەكی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی سەبارەت بە سەنتەر و بنکەکانی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز، بخاته‌ڕوو.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینی ڕایگه‌یاند، پاش چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ وەزارەتەكە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، ئه‌و سه‌نته‌ر و ڕێكخراوانه‌ له‌ دوو حاڵه‌ت به‌ده‌رنین، ئه‌وانه‌یان كه‌ مۆڵه‌تى فه‌رمییان له‌ ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان هەیە هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌ و له‌سه‌ر ئیشوكارى خۆیان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی و فه‌رمی به‌رده‌وام ده‌بن، ئه‌وانه‌شیان كه‌ كارده‌كه‌ن له‌م بواره‌دا به‌ڵام مۆڵه‌تی فه‌رمییان نییه‌، ئه‌وا بۆ له‌مه‌ودوا ڕێنماییه‌كی تازه‌ ده‌رده‌چێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌، ڕێنماییه‌كه‌ش خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ هاوكاریكردن و هه‌ماهه‌نگیكردن له‌نێوانیاندا بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ئه‌وانیش به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی له‌سه‌ر ئیشوكاره‌كانی خۆیان به‌رده‌وام بن.

ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ ئێستا هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌ماوه‌ و چاره‌سه‌ر كراوه‌، هه‌روه‌ها سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشی كرد بۆ به‌هه‌ندوه‌رگرتنی ئه‌و بابه‌ته‌.

دواتر به‌پێی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ئالان حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و سه‌یوان عه‌لی بریكارى وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ مادده‌كانی (61 تا 80)ی پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان كرا.

ئه‌ندامانى په‌رله‌مانیش سه‌رنج و تێبینیی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان خسته‌ڕوو و چه‌ندین پێشنیازیشیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتری پڕۆژه‌یاساكه‌ خسته‌ به‌رده‌م لیژنه‌ی هاوبه‌ش.

له‌لایه‌ن وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندیشه‌وه‌، ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان خرایه‌ڕوو.

بڕیاریشە سبەی پەرلەمان درێژە بە دانیشتنەكانی بدات.

بابەتی پێشتر

بەهۆی هەرەسهێنانی بەفرەوە 10 شاخەوان لە هیمالایا گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆردومانی سنووری پێنجوێن و شارباژێر كران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share