بافڵ جەلال تاڵەبانی: گەشبینین کە دەتوانین حکومەتێک لەسەر بنەمای باشترکردنی ژیانی خەڵک پێکبهێنین

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، گەشبینین کە دەتوانین حکومەتێک لەسەر بنەما سەرەکییەکانی باشترکردنی ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێکبهێنین و وابکەین هەرێمی کوردستان بەهێزتر و ئارامتر بێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسى گفتوگۆى بەغداد لەبارەی چەند تەوەرێکەوە قسەیکرد؛ لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، رایگەیاند، بیهێنە بەرچاوت بەڕێز ترەمپ بیەوێت لەگەڵ دیموکراتەکان حکومەت پێکبهێنێت، پێموایە ئەو حکومەتە توشی ئاڵۆزی و گیروگرفت دەبوو.

وتیشی، لە هەرێمی کوردستان گلەیی ئەوەمان لەسەرە کە حکومەتێکی تێر و تەسەلمان نییە، بەڵام لەگەڵ رێزم بۆ خوشک و برایانم، ئەگەر حکومەتێکیشمان هەبێت خۆی لە خۆیدا کارێکی باشمان کردووە.

سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، سەرۆکی یەکێتی جەختیکردەوە، گفتوفۆکان بەردەوامن و باش بەڕێوەدەچن، ئێمە لەسەر پۆست و پلەوپایەکان جەختناکەینەوە، بەڵکو جەخت لە هاوپەیمانیەتێکی ستراتیژی دەکەینەوە، تا تێبگەین لە ئاراستەکانی یەکتر بۆ ئایندە.

راشیگەیاند، “چەندین بەڵێنمان داوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، لێرە دوپاتی دەکەمەوە نیەتمان ئەوەیە ژیانی خەڵکەکەمان باشبکەین و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغداد و باشبکەین”.

هاوکات بافڵ تاڵەبانی، لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ماوەی رابردووی سلێمانی قسەیکرد و رایگەیاند، ئێمە لە سلێمانی دیدگامان جیاوازە بۆ خۆپیشاندان، زۆربەی کات خۆپیشاندانەکان لە سلێمانییە، چونکە ئێمە بڕوامان بە مافی هاوڵاتییانە، خەڵک لە سەرتاسەری کوردستان کێشەیان هەیە لەسەر مووچەکانیان، بەڵام باشترین رێگە ئەوەیە کێشەکان چارەسەربکەین و نابێت رێگری لە خۆپیشاندانیش بکەین.

وتیشی، خەڵک لە لێواری برسێتیدان، خۆپیشاندان هەیە چونکە متمانە نییە، پێویستە ئێمە وەکو حکومەت ئەو بەرپرسیاریەتییە بگرینە ئەستۆ بۆ بنیادنانەوەی ئەو متمانەیە.

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکراشیکرد، “بەمدواییە لەگەڵ بەڕێز مەسرور بارزانی کۆبوومەوە و زۆر بابەتمان باسکرد و یەکێکیان هەژماری من و تەوتین بوو، چەند پرسیارێکم لەبارەی پرۆژەی هەژماری من لێکرد، ئەو سەرسام بوو، پێموت ئەگەر بافڵ جەلال تاڵەبانى شارەزایی لەبارەى هەژمارى من نەبێت، چۆن هاوڵاتییەکى ئاسایى لەم بابەتە تێبگات؟”.

بافڵ تاڵەبانی باسیلەوەشکرد، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێی راگەیاندووە، تیمێکی هەژماری من’ی ناردووە بۆ سلێمانی و لەگەڵ پسپۆڕە یاسایی و داراییەکان دانیشتوون و جیاوازیی نێوان تەوتین و هەژماری من’یان کردووە.

وتیشی، هیوادارم پێکەوە بتوانین پرۆگرامێکی فراوانمان هەبێت کە زامنی شەفافیەت بکات بۆ بەردەوامیدان بە پێدانی مووچە، بەڵام ئەم پرۆگرامە پێویستی بە هەڵمەتێکی میدیایی گەورە هەیە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان؛ هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە، گەر ئێمە بتوانین ئەم بەربەستە تێبپەڕێنین، بابەتەکانی تری پێکهێنانی حکومەت ئاسانتردەبن.

ئەوەشیخستەڕوو، زۆر گرنگە کوردەکان بەرەیەکی یەکگرتوو بن و حکومەتێکی شەفاف و دادپەروەر بەخێرایی پێکبهێنرێت کە نیەتی دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەمان بێت.

هەر لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا، “زۆرجار باسی کوردستان دەکرێت وەک ئەوەی ناوچەیەکی دەوڵەمەند بێت بە گاز و نەوت، لەڕاستیدا وایە، بەڵام سامانی راستەقینەی کوردستان و عێراق خەڵکە گەنجە خوێندەوار و کارامەکەیەتی”.

“بەمدواییە لە کۆنفرانسێکدا بووم لە واشنتن، کۆدەنگی هەبوو کە لەوانەیە نرخی نەوت داببەزێت، بەمەش کێشە دروستدەبێت بۆ بەغداد و هەرێمیش بۆ پێدانی مووچە، بۆیە دەبێت بگەڕێین بەدوای ئامراز و میکانیزمی جێگرەوە و کەرتی تایبەت دەبێت هانبدرێت”، بافڵ جەلال تالەبانی وای وت.

ئاشكراشیکرد، ئەوان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەو بابەتانە قسەیانکردووە کە چۆن سیاسەتێکی هاوبەشیان هەبێت لەگەڵ بەغداد.

لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، “چەند بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێشمان هەیە بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەمجارە مایکەکان ناشکێنم، بابەتێکی جیاواز و تازە ئەنجامدەدەین”.

وتیشی، دەمەوێت ئەوە ببینم کە یەکێتی و پارتی و هێزەکان لە بەغداد یەکگرتوو بن.

هاوکات سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا، “بەهۆی بڕیاری هەندێک گروپ لە دەرەوەی سوپای عێراق، هەفتەی رابردوو نزیکبووین لە لەدەستدانی تواناکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز، ئەمە بەتەواوەتی قبوڵنەکراوە، ئێمە دەمانەوێت بۆ باشترکرکدنی ژیانی خەڵکەکەمان وەبەرهێنان بکەین. نابێت چاوپۆشی لەمە بکرێت و دەبێت ئەو گروپانە یەکبخرێنەوە، گەر نا، دەبێت هەڵبوەشێندرێنەوە. ئێمە بێزاربووین لە درۆن و موشەکەکانتان و وەڵامتان دەدەینەوە، تکادەکەین وازمان لێبێنن”.

لەبارەی دۆخی سووریا و کوردانی رۆژئاوا، بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، “کریستیانەکان لە سووریا زۆر تۆقیون و زۆریان کۆچیانکردووە بۆ عێراق و لوبنان؛ کوردەکان لە سووریا خوشک و برای ئێمەن، ئەوان لە دۆخێکی باشدا نین، ئەوان لەگەڵ رۆژئاوا وەستان و دژی تیرۆریستان شەڕیان کرد، نابێت بەجێبهێڵدرێن”.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا رایگەیاند، “چەند هەفتەیتەک لەمەوبەر لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دیدارم هەبوو و پێیان وتم هیچ تورکێک نییە تورکێکی نەناسێ بەدەستی کورد نەکوژرابێت، منیش پێم وتن هیچ کوردێک نییە کوردێک نەناسێت کە بەدەستی تورک نەکوژرابێت”.

“لە میونخ چاومکەوت بە بەرپرسێکی باڵای تورکیا، پێیوتم گفتوگۆکان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان باش دەڕوات و سوپاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشی کرد بۆ پشتیوانیکردنی دۆزی خەڵکی کوردستان و مافەکانی مرۆڤ”، سەرۆکی یەکێتی وای وت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share