مەترسییەكانی سەر مووچە و بودجە لە ساڵی 2023دا چین؟

دوای لێدوانەكەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە ڕایگەیاند، “دابەشكردنی مووچە لە ساڵی داهاتوودا نایاساییە و هیچ دەرچەیەكی یاسایی نییە بۆ خەرجكردنی مووچە نییە”، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان ڕوونكردنەوە لەو بارەیەوە دەدات.

محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، “دوای تەواوبوونی ساڵی 2022، خەرجكردنی مووچە نایاسایی دەبێت و هیچ دەرچەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە نییە، تەنها پێشێلكردنی یاسا نەبێت كە ئەوەش ناچارانە و بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە (قەیرانی پێكنەهێنانی حكومەت و نەبوونی یاسای بودجە) دەبێت”.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، وردەكارییە یاسایی و ئابورییەكانی پرسەكەی بۆ ئێستا خستەڕوو و وتی، “بەو پێیەی حكومەتی كاربەڕێكەر دەسەڵاتی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای نییە، ئەمساڵ عێراق یاسای بودجەی نەبوو، بەڵام بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی كە دەڵێت ‘هەر ساڵێك بودجە پەسەند نەكرێت، حكومەت دەتوانێت پشتبەست بە یاسای بودجەی ساڵی پێشوو بە ڕێژەی یەك لەسەر 12ی بودجەی بەگەڕخستنی ساڵی پێشوو درێژە بە كارەكانی بدات، لەگەڵ درێژەدان بە پڕۆژە تەواونەكراوەكانی وەبەرهێنان’، حكومەت بەردەوامبوو لە دابەشكردنی مووچە و كاروبارە داراییەكانی دیكە”.

مووچە بڕگەیەكی بودجەی بەگەڕخستنە و د. نەرمین دەڵێت، “ئەمساڵ حكومەت بە پشتبەستن بەو ماددە یاساییە، توانی مووچە دابەشبكات، بەڵام ئەگەر لە ساڵی 2023دا حكومەت پێكنەهێنرێت و یاسای بودجە پەسەند نەكرێت، گرفت بۆ دابەشكردنی مووچە دروستنابێت و حكومەت دەتوانێت هاوشێوەی ئەمساڵ درێژە بە دابەشكردنی مووچە بدات تا ئەو كاتەی حكومەت پێكدەهێنرێت و پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە و پەسەند دەكرێت”.

بابەتی پێشتر

هەڵۆیەك لە ئیمارات بە زیاتر لە ملیۆنێك درهەم فرۆشرا

بابەتی دواتر

فراكسیۆنی یەكێتی: سەرۆك مام جەلال هەمیشە چەتری كۆكردنەوەی ناكۆكەكان و هەوێنی ئاشتی و پێكەوەژیان بوو

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوتی خاو ئەمڕۆ سێشەممە 2ی شوبات لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبووەوە. بەرمیلێك خاوی برێنت 61 سەنت چووەسەر نرخی…
Total
0
Share