د. غالب محەمەد پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان دەڵێت، “ئێستا گۆڕان بە دەستی كۆمەڵێك كەسەوەیە كە بە دوای پلە و پۆست و كۆمپانیادا دەگەڕێن و بووەتە دوكانێكی سیاسی و كەس خاوەنی بڕیار نییە”.
لەبارەی هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان و دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی هەرێم، د. غالب محەمەد ئەندامی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دوا و ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەدا نییە یەك ڕۆژ ماوەی پەرلەمانی كوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئەنجومەنی نوێنەران درێژبكرێتەوە و هەڵبژاردن دوابخرێت.
سەبارەت بەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن و درێژكردنەوەی ماوەی تەمەنی پەرلەماندا بێت، د. غالب وتی، “ئێستا گۆڕان بەدەستی كۆمەڵێك كەسەوەیە كە بە دوای پلە و پۆست و كۆمپانیادا دەگەڕێن و هیچی تر نییە، گۆڕانی ئێستا زۆر جیاوازە لەوەی پێشوو، گۆڕانی پێشوو هەوڵی گۆڕانكاریكردنی لە سیستمی حوكمڕانیدا دەدا و یەكێك لە بەشەكانی بە دامەزراوەكردنی دەزگاكانی حوكمڕانی، ئەوەیە كە دەبێت هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت و نابێت دوابخرێت، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن پێچەوانەی بەرنامەی گۆڕانی پێشووە” و وتی، “ئەم گۆڕانەی ئێستا باجی خۆی دا، ژمارەی دەنگدەرانی لە 570 هەزار دەنگدەرەوە هێنایەسەر 20 هەزار دەنگ”.
لە لێدوانەكەیدا بۆ ئێستا د. غالب محەمەد جەختیكردەوە، “ئەمەی ئێستا گۆڕان بەڕێوەدەبات گۆڕان نییە و لەسەر بنەماكانی گۆڕان نەماون، بۆیە دەنگدەر دەنگیان پێنادات، ئێستا پشێوییەكی زۆر لە ناو گۆڕاندا هەیە و كەس خاوەنی بڕیار نییە و ئەوەش شپرزەیی گۆڕانە، گۆڕان بووەتە دوكانێكی سیاسی” و ڕاشیگەیاند، “خەڵك دەنگی داوە بە گۆڕان بۆ ئەوەی چاكسازی بكات، نەك بچێتە حكومەت و پلە و پۆست وەربگرێت و ببێتە هاوبەش”.