ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی: ئەگەر دەنگی ناڕازیش هەبێت بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ناچارن ڕازی ببن

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی هەڵوێستی بزوتنەوەکە لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان دەڵێت، “تا ئێستا بڕیار نەدراوە کە هەڵوێستمان چی دەبێت بەڵام ئەگەر دەنگی ناڕازیش هەبێت بۆ دەنگدانی گۆڕان بە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان ناچارن ملبدەن بۆ زۆرینە”.

لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا نزار مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، بزوتنەوەی گۆران بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵوێستی بزوتنەوەکە لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان کۆبوونەوە دەکات و دەنگی لەسەر دەدرێت.

سەبارەت بە ئەگەری بوونی دەنگی ناڕازی لەناو بزوتنەوەکە لە کاتی دەنگدان بە درێژردنەوەی ماوەی پەرلەمان وتی، “بەدڵنیایی دەنگی ناڕازی دەبێت و من یەکێکم لەوانەی لەگەڵیدا نیم، بەڵام زۆرینە هەژماردەکرێت، تەنانەت ئەگەر دەنگە ناڕازیەکانیش لەوبارەیەوە ژمارەیان زۆربێت، هەر ناچارن بۆ زۆرینە ملکەچ بکەن و دەنگی زۆرینە کە زۆرینەی بزوتنەوەکە لەگەڵ ئەوەدا بوو دەنگ بە درێژکردنەوەی پەرلەمان بدرێت ناچارین ڕازی ببین”.

لەلایەکی دیکەوە کاردۆ محەمەد ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕێکخەری ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەکە، جەختیکردەوە هێشتا بڕیاری یەکلاکەرەوەیان لەوبارەیەوە نەداوە و ناتوانن پێشبینیی ئەوە بکەن کە ئایا دەنگی ناڕازیی ناو بزوتنەوەکە چۆن دەبێت لەوبارەیەوە.

عەبدوڵا مەلا نوری ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان خیانەتە لە دەنگی خەڵک و متمانەی خەڵک، ئەوە ئەگەر حزبەکانی دەسەڵات بیکەن عەیبەیە بەڵام ئەگەر ئۆپۆزسیۆن بیکات عەیبترە، ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێبدات زیاتر عەیبەیە”.

وتیشی، “ئەگەر خەڵک پارەی کارەباکەی نەدات نایاساییە و 50 مەتر زەوی تەجاوزبکات خانووەکەی بەسەردا دەڕوخێنن، بەڵام ئەوانەی لە پەرلەمانن و بەتایبەت سەرۆکی پەرلەمان  ڕێگە بە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان دەدەن کە جگە لە نایاسایی بوونی خیانەتیشە”.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو دەڵێت، “هیوادارم دەنگی ناڕازی هەبێت و قبوڵی نەکەن ئەو خیانەتە بکرێت و تەمەنی پەرلەمان درێژبکرێتەوە”.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی: کرێکاری بیانی شوێنگرەوەی کرێکاری ناوخۆیی نابێت

بابەتی دواتر

كاوە محەمەد: درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان هەڵگەڕانەوەیە لە هەموو ئەو بنەمایانەی كە گۆڕان لە پێناویاندا دامەزرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share